کازمی بڕیاریدا لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی شەوی رابردوو بکرێت

  2021-04-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریدا دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە باشیک بکرێت و دەشڵێت، هەندێک هەوڵدەدەن پشێوی دروست بکەن و ئاسایش و سەقامگیری تێکبدەن، ئەوەش کارێکی رەتکراوەیە و رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.

مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاریداوە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لە پەلامارەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر هەولێر و ناوچەکانی دیکە بکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئاسایشی عێراق بەرپرسیارێتی حکومەت و تەواوی هێزە ئەمنییەکانی عێراقە، ئامانج لەو کردەوە تیرۆریستییەش کە لە مانگی رەمەزاندا کراوە تێکدانی ئاسایشە".

سەرۆک وەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە، "هەندێک هەوڵدەدەن پشێوی دروست بکەن و ئاسایش و سەقامگیری تێکبدەن، کە ئەمەش کارێکە رەتدەکرێتەوە و رووبەڕووی هێزی یاسا و گەلی عێراقی دەبێتەوە ".

کاتژمێر 9:45 خولەکی شەوی رابردوو هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و پاش چەند خولەکێک لەو هێرشە، چوار موشەک ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە باشیک کران .

دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە ئەنجامدا دەرکەوت کە هێرشەکە بەڕێگەی درۆنی TNTکراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە ".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە .

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.



ڕیکلام