هێرشەکەی شەوی رابردوو جێی نیگەرانی و توڕەیی گەلی کوردستانە

  2021-04-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشەکەی شەوی رابردوو بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە باشیک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو هێرشانە پێشهاتێکە کە جێی نیگەرانی و توڕەیی گەلی کوردستانە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پەرلەمانی کوردستان زۆر بە توندی ئەو هێرشە تیرۆریستیە سەرکۆنە و مەحکوم دەکات، کە لە ڕێگەی فرۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە شەوی ٢٠٢١/٤/١٤ کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەم هێرشە تیرۆریستییە کە بۆ جاری سێیەمە لە ماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا، پێشهاتێکی جێی نیگەرانی و توڕەیی گەلی کوردستانە، و ئەو هێز و لایەنە تیرۆریستی و لە یاسادەرچووانەی لە پشت ئەنجامدانیەوەن، دەبێت لە زووترین کاتدا لە لایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان ئاشکرا بکرێن".

پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت، "ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ پێشکەوتن و پێکەوەژیان و سەقامگیری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەهێزترە بەم کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە لەق ببێت".

دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان:

پەرلەمانی كوردستان ، زۆر بە توندی ئەو هێرشە تیرۆریستیە سەرکۆنە و مەحکوم دەکات، کە لە ڕێگەی فرۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانەوە شەوی ٢٠٢١/٤/١٤ کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە نێو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر .

ئەم هێرشە تیرۆریستییە کە بۆ جاری سێیەمە لە ماوەی ٧ مانگی ڕابردوودا، پێشهاتێکی جێی نیگەرانی و توڕەیی گەلی کوردستانە، و ئەو هێز و لایەنە تیرۆریستی و لە یاسادەرچووانەی لە پشت ئەنجامدانیەوەن ، دەبێت لە زووترین کاتدا لە لایەن حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان ئاشکرا بکرێن، و میکانیزمێکی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ دوورخستنەوەی سەرچاوەی ئەم هێرشە تیرۆریستیانەیە و هەوڵدانی جددی بۆ رێگریکردن لە دووبارە بوونەوەی لە ئایندەدا .

لیژنە تایبەتەمەندەکانی پەرلەمان ڕادەسپێرین لەگەڵ لایەنی پەیوەندییدار لە پەیوەندی بەردەوامدا بن، بۆ بەدواداچوونی هەوڵەکانی ئاشکراکردنی ئەو لایەنە تیرۆریستییەی کە لە پشت ئەنجامدانی ئەو هێرشەوە بوون .

ئەنجامدانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە لە رۆژی ٤/١٤ کە ٣٣ یەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی ئەنفالی گەلی کوردستانە ، ئەو ڕاستییە بۆ گەلەکەمان دووپات دەکاتەوە، کە هەڕەشەو مەترسییەکان لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان بەردەوامەو دەبێت لە بەرامبەریشدا گەلەکەمان و لایەنەکان، یەکڕیزتر و تەباتربن، تا پێکەوە ڕووبەڕووی سەرجەم ئاستەنگ و هەڕەشەکان ببینەوە .

ئیرادەی گەلی كوردستان بۆ پێشکەوتن و پێکەوەژیان و سەقامگیری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان زۆر لەوە بەهێزترە بەم کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە لەق ببێت .

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان

١٥ی نیسانی ٢٠٢١



ڕیکلام