سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەسەر دابەشکردنی ڤاکسین لە دهۆک هاتەدەنگ

  2021-04-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دابەشکردنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە پارێزگای دهۆک هاتەدەنگ و دەڵێت، دەبێت بە یەکسانی و بەبێ جیاوازی دابەش بکرێت.

عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لەسەر فەرمانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و پاش گلەیی و گازندەی هاوڵاتیان، ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتیانی دهۆک لە هەر پلە و پۆستێکدا دەکەینەوە، ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەشێوەی ئۆنلاین تۆماربکەن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە هاوڵاتیان پێشوەختە و بێ تۆمارکردنی ناوی خۆیان لە وێبسایتی وەزارەتی تەندروستی هەرێم سەردانی ناوەندە تەندروستییەکان نەکەن بۆ وەررگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا.

پارێزگاری دهۆک راشیگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک راسپێردراوە بۆ ئەوەی بە یەکسانی و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٥ی٤ی٢٠٢١، لە کاتی دابەشکردنی ڤاکسینی فایزەر لە هەندێک لە ناوەندەکانی تەندروستی لە هەولێر و دهۆک قەرەباڵغی دروستبوو و ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە.



ڕیکلام