دەستەی دەستپاکی عێراقی فەرمانی بانگێشتکردنی بۆ راکان جبوری و ژمارەیەک لە بەڕێوبەرانی بەشەکانی دیوانی پارێزگا بۆ بەردەم دادگا دەرکرد.
بەپێی بڕیارەکە، راکان جبوری و بەڕێوبەرانی بەشەکانی گرێبەست و پلاندانان و ئەندازیاری و هەروەها بەڕێوەبەری پێشووی بەشی ژمێریاری لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت لەسەر کۆمەڵێک پێشێلکاری پەیوەست بە کارەکانی نۆژەنکردنەوە و بونیادنان لە دیوانی پارێزگاکە.
فەرمانی دەستەکە پاڵپشتبووە بە ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی سەبارەت بە پێشێلکاری لە دروستکردنی بینای نوێی پارێزگا و گەیاندنی تۆڕەکانی کارەبا.
پێشتر جبوری فەرمانی قەدەغەکردنی گەشتکردنی لەسەربوو سەبارەت بە گەندەڵی لە پرسی دروستکردنی 25 قوتابخانە کە خۆی و 23 فەرمانبەری پارێزگاکەی بانگهێشتی بەردەم دادگا کران.