کۆمسیۆن وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانی بۆ هەڵبژاردنی عێراق درێژکردەوە

  2021-04-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕایگەیاند بڕیاریانداوە وادەی تۆمارکردنی هاوپەیمانی و پێشکەشکردنی لیستی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەتا یەکی ئایار درێژبکەنەوە.

جۆمانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆن وتیشی بڕیارەکە ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان دەرکراوە.

ئەوە لەکاتێکدایە بڕیارە رۆژی 10 ی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و لە چەند رۆژی ڕابردووشدا سەرۆک کۆمار مەرسومی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکەی دەرکرد.

هەروەها پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا ئەگەر لە رۆژی 10 ی ئۆکتۆبەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئەوا پەرلەمان لە حەوتی ئۆکتۆبەر خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە.

هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکەمجارە لە عێراق ئەنجامدەدرێت،ئەوەش لەدوای خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری 2019 کە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یەکێک بوو لە داواکارییەکان و دواتر پەرلەمان یاسای هەڵبژاردنی هەموارکردەوە،بەجۆرێک عێراقی لە 18 بازنەوە کرد بە 83 بازنە.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن پەرلەمانی عێراق لە 329 ئەندام پێکدێت ئەوەش دابەشکراوە بەسەر ناوچەکاندا و هەرسێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان 44 کورسی بەردەکەوێت، هەروەها شاری کەرکوک 13 کورسی هەیە.




ڕیکلام