شارەوانی چەمچەماڵ بۆ هاوڵاتیان: هاوکارمانبن لە پاککردنەوەی خۆڵ‌وخاشاکی شارەکە

  2021-04-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمپانیای پاککەرەوەی خۆڵ و خاشاک لە چەمچەماڵ بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان ماوەی دوو ڕۆژە مانیان لە کارکردن گرتوە، شارەوانی قەزاکەش داوا لە هاوڵاتیان دەکات هاوکاریانبن لە پاککردنەوەی شارەکە.

شارەوانی چەمچەماڵ لە ئاگاداری نامەیەکدا، بڵاویکردەوە کە ماوەی دوو ڕۆژە ژینگەپارێز و سایەقی ئامێرەکانی پاکردنەوە و هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکی کۆمپانیای شکار مانیان گرتووە و کارناکەن، ئەوەش کێشەی بۆ دروستکردوون.

داواش لە هاوڵاتیان دەکات تا چارەسەرکردنی کێشەکە، هاوکاریان بن و کۆڵان و گەڕەکەکان پاک ڕاگرن و خۆڵ و خاشاکەکەیان بەرنە دەرەوەی شار و شوێنی تایبەت بەفڕێندانی خۆڵ و خاشاک.

دەقی ئاگادارینامەکە: 

ئاگاداری هاوڵاتیانی خۆشەویستی سنوری شارەوانیمان دەکەینەوە، کە ماوەی دوو ڕۆژە ژینگەپارێز و سایەقی ئامێرەکانی پاکردنەوە وهەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاکی کۆمپانیای شکار مانیان گرتووە و کارناکەن.

کۆمپانیای شکار لەساڵی ٢٠٢١دا هیچ پێشینە و بڕەپارەیەکیان لەحکوومەت وەرنەگرتووە و حکوومەت شایستە داراییەکانی بۆ سەرف نەکردوون.بۆیە کۆمپانیای شکار ماوەی ٤٥ ڕۆژە نەیتوانیوە موچەی ژینگەپارێزەکان بدا و ژینگە پارێزەکانیش مانیان گرتووە و کارناکەن.

ماوەی دوو ڕۆژە ناوبازاڕ و شوێنەگشتیەکان لەلایەن کارمەندانی شارەوانیەوە خۆڵ و خاشاکەکەی پاک دەکرێتەوە و هەڵدەگیرێتەوە.

کێشەکە لەچارەسەرکردندایە و هەوڵ هەیە بەزووی کۆمپانیا دەست بکاتەوە بەئیش کردن و هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاک.

داواکارین هاوڵاتیانی خۆشەویست تاچارەسەکردنی کێشەی کۆمپانیای شکار، هاوکارمان بن و کۆڵان و گەڕەکەکان پاک ڕاگرن و خۆڵ و خاشاکەکەیان بەرنە دەرەوەی شار و شوێنی تایبەت بەفڕێندانی خۆڵ و خاشاک.


ڕیکلام