ئەگەر متمانە بە دادگا هەبووایە کەس گومانى نەدەخستە سەر بڕیاری سزادراوانى بادینان

  2021-04-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر لە کوردستان متمانەی تەواو بە دادگا هەبووایە کەس نەیدەتوانی گومان بخاتە سەر بڕیاری سزادانی ڕاگیراوانی بادینان، دەشڵێت، بەراورد بە چەند ساڵى ڕابردوو ئازادى ڕادەربڕین لە هەرێمى کوردستان پاشەکشەیکردووە.

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ دەنگى ئەمریکا، د.ڕێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، سەبارەت بە کەیسی زیندانیکراوانی ڕۆژنامەوان و چالاکوانانی بادینان ڕایگەیاند" وەک باوەڕی خۆم باوەڕی تەواوم بە ئازادی ڕادەربڕین هەیە، ئەو حزبەشی لێوەی هاتووم باوەڕی تەواوی بە ئازادی ڕادەربڕین هەیە بەڵام بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی هەڵسەنگاندنی خۆم وایە بەرەو پاشەکشەیە نەک بە تەنها لەناو هەرێمەکەدا تەنانەت لەناو حیزبە سیاسیەکانیشدا قسەکردن خەریکە وای لێدێت ئازادی ڕادەربڕین نامێنێت لە ناو حیزبی سیاسییشدا نامێنێت لە ناو خێزانیشدا خەریکە وەکو پێویست نامێنێت، واتە ئەمە بە داخەوە ئێمە بەرەو پاشەکشێ دەبات بە گشتی، بۆخۆم توێژەر نیم لەو مەجالەدا ئەنجامەکە دەبینم دەبێت توێژەر پێمان بڵێت بۆ ئێستا ئازادی ڕادەربڕین بەردەوام بەرەو پاشەکشێ دەچێت؟ باوەڕی خۆم وایە بەشێکی پەیوەندی بە میدیاوە هەیە بەشێکی پەیوەندی بە دەسەڵاتی سیاسیەوە هەیە بەشێکی پەیوەندی بە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنییەوە هەیە، ڕێکخراوی کۆمەڵی مەدەنی دە ساڵ پێش ئێستا وەکو ئێستا بوو؟ میدیا وەکو ئێستا بوو؟ واتە هەندێک میدیا بوونەتە مایەی ئەوەی پاساو دەدەن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی دەست بۆ ئازادییەکانیش ببات.

دەشڵێت، دەمەوێت بە دیاریکراویی لەسەر ئەوانەی بادینان قسە بکەم، چونکە ئەوە بابەتێکی زۆر زۆر گرنگە، کێشەی ئێمە چیە لە هەرێمی کوردستان شتێک هەیە ناوی پڕەنسیبی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە نەک کێشەیە ئەمە ئەسڵە پڕەنسیبێکی دەستورییە و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانە لەناو یاساکانی هەرێمی کوردستان بە دیاریکراوی لەناو پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستاندا بە دیاریکراوەیی هاتووە هەر بابەتێک بچێتە بەردەمی دادگا ئێمە دەبێت یەکسەر لێپێچینەوە و بەدواداچوون لەسەری ڕاگرین ئەم بابەتانە لە ڕێگەی دادگاوە دەکرێن جا بە فیعلی ئەمانە بابەتی تاوانکاری- سزایین و دەبێت ببرێنە دادگا یان بابەتی ئازادی ڕادەربڕینن ئەوە دەوەستێتە سەر دەسەڵاتێکی تر کە ناوی دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان ، دەسەڵاتی دادوەری لە هەرێمی کوردستان کە دەیان نیشانەی پرسیاری لەسەرە وەکو چۆن نیشانەی پرسیار لەسەر پەرلەمان، وەک چۆن نیشانەی پرسیار لەسەر حکومەتە ،نیشانەی پرسیار لەسەر میدیایە لەسەر کۆمەڵی مەدەنییە لەسەر هەموو دامەزراوەکانی ترە جێی داخە من وا دەڵێم بەڵام ئەوە دادگایە یان دەسەڵاتی دادوەرییە لە هەرێمی کوردستان دەبێت بۆخۆی ئەم بێ متمانەیەیی بەرامبەری دروست بووە بۆ خۆی جارێکی تر لە نێوان خۆی و هاوڵاتیاندا دروست بکاتەوە چونکە ئێمە هەموومان کە خەسمین دەچینە بەردەمی دادگا ئەگەر متمانەمان بە ئەو نەمێنێت مەترسیەکە لەوەدایە.

لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا سەرۆکى پەرلەمان دەڵێت، ئێمە ناتوانین چاودێری ئەوە بکەین واتە ئیشی ئێمە نییە چاودێری دادگا بکەین چۆن یاسا جێبەجێ بکات هەمووی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ تەقدیری دادوەر و دەستور و یاسا ئەو دەسەڵاتەی پێداوە و سوێندی خواردووە کە چۆن یاساکەی پەرلەمان دەریدەکات جێبەجێی دەکات، ئەوەی لە ناو چاکسازییەکاندا دۆخیان چۆنە لە ڕاستیدا ئەمە قسە دەکرا کە دۆخیان چۆنە ئێمە لیژنەیەکی تایبەتمەندی پەرلەمانی کوردستان، لیژنەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤە داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤە ناردمانن بۆ زیندان بۆ ئەوەی ئەو بەڕێزانە ببینن، بینویانن ڕاپۆرتی خۆیان ئامادە دەکەن و دەیدەن بە ئێمە کە ڕاپۆرتەکەیان هاتە بەردەستمان ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە وەزارەتی ناوخۆ لە وەزارەتی داد لە وەزارەتی کۆمەڵایەتی ئاگادار دەکەینەوە لە خراپی دۆخی زیندانییەکان ئەگەر ئەوان لە ناو ڕاپۆرتەکەیان ئاماژەیان بەوە دابوو کە بەڕاستی دۆخیان خراپە."

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتیشی" بێگومان ئەگەر کەیسەکەیان پەیوەندی بە ئازادی ڕادەربڕینەوە هەبێت بە کەیسی تر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، نەخێر نایاساییە هەڵسەنگاندنی ئەوەی کردەیەکی دیاریکراو چ ماددەیەکی یاسایی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت ئەوە لە دەسەڵاتی دادوەرە و دادگایە واتە ئەو هەڵیدەسەنگێنێت ئەو کردەیەی کە ڕۆژنامەنووسێک کە چالاکوانێکی کۆمەڵی مەدەنی کردوویەتی بە ڕاستی دەچێتە چوارچێوەی ئازادی ڕادەربڕین یان دەچێتە چوارچێوەی کاری سیخوڕی؟ ئەوە ئیشی دادگایە و دادوەرە ئەگەر بە ڕاستی ئازادی ڕادەربڕین بێت و ئەوان بردبێتیان بە ماددەیەکی تر لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردبن و بە ماددەیەکی تر حەواڵەیان کردبن بۆ دادگای تاوانەکان ئەوا نایاساییە."



ڕیکلام