دهۆك.. ئەمەریكا 500 هەزار دۆلارى بۆ دەروازەی بادینان تەرخانکرد

  2021-04-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمەریكا 500 هەزار دۆلاری بۆ نۆژەنكردنەوەی دەروازەی بادینان تەرخان كردوە و كونسوڵخانەی ئەمەریكاش لە هەولێر، جەخت لە كاركردنی پێكەوەیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە.

کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەخشینى ئەو پارەیە بەشێکە لە زنجیرەیەک بەخشینی دارایی کە ئەمەریکا پێشکەشی دەکات بۆ پارێزگاریکردن و پاراستنی شوێنەواری دەوڵەمەند و کەلەپووریی و کولتووریی.

دەقى ڕاگەیەندراوەکەى وەزارەتى شارەوانى و گەشتوگوزار:

بە مەبەستی پاراستن و نۆژەنكردنەوەی شوێنەواری مێژوویی (دەروازەی بادینان) وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بڕی 500 هەزار دۆلاری بۆ دەروازەكە تەرخان كرد و كونسوڵخانەی ئەمەریكاش لە هەولێر، جەخت لە كاركردنی پێكەوەیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە بۆ پاراستن و نۆژەنكردنەوەی شوێنە شوێنەواری و كولتوورییەكان و هیواشی خواستووە كە ئەو مینحەیە ببێتە پردێكی نوێ بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی زیاتری نێوان گەلی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان، جەختیش لەوە دەكاتەوە دەروازەی بادینان پارێزگاری لێدەكرێت وەك خزمەتێك بە هەموو مرۆڤایەتی و دەبێتە یارمەتیدەر بۆ بووژانەوەی كۆمەڵگە لە ڕووی ئابوورییەوە.

ئەمڕۆ هەینی (16ی نیسانی 2021) كونسوڵخانەی  گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر، لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند: رۆب والەر كونسوڵی گشتیی كونسوڵخانەی ئەمەریكا سەردانی ئامێدی كرد و لەمیانەی ئەو سەردانەیدا مینحەیەكی دارایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكای بە بڕی 500 هەزار دۆلار بۆ پارێزگاریكردن و پاراستنی "دەروازەی بادینان" بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنە شوێنەوارییە راگەیاند.

سەبارەت بە بەخشینی ئەو پارەیە بۆ ئەو شوێنەوارە مێژووییەی پارێزگای دهۆك، رۆب والەر کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان لە كاتی راگەیاندنی بەخشینی پارەكە گوتی: من لێرەم بۆ راگەیاندنی  500 هەزار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی ئەم گەنجینە شوێنەوارییە. گوتیشی: ئەمە بەشێکە لە زنجیرەیەک بەخشینی دارایی کە ئەمەریکا پێشکەشی دەکات بۆ پارێزگاریکردن و پاراستنی شوێنەواری دەوڵەمەند و کەلەپووریی و کولتووریی ناوچەکە و ئەم پشتگیرییەش جەخت لە پابەندبوونمان دەکاتەوە بۆ پارێزگاریکردنی کولتووری جۆراوجۆری ناوچەکە کە وادەکات ئەم دەڤەرە زۆر جیاواز و گرنگ بێت.

هەروەها كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر وێڕای راگەیاندنی بەخشینی ئەو 500 هەزار دۆلارە، راشیگەیاندووە كە حكوومەتی ئەمەریكا سوورە لەسەر پارێزگاریكردن و نۆژەنكردنەوەی ئەم شوێنە كولتوورییە ناوازەیە و زۆر خۆشحاڵە بە كاركردن لەگەڵ كوردانی هەرێمی كوردستان بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە. هەروەها كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكا هیواشی خواستووە ئەو مینحەیە ببێتە پردێكی نوێ بۆ بەهێزكردنی پەیوەندیی زیاتری نێوان گەلی ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان و جەختیش لەوە دەكاتەوە كە دەروازەی بادینان پارێزگاری لێدەكرێت وەك خزمەتێك بە هەموو مرۆڤایەتی و دەبێتە یارمەتیدەر بۆ بووژانەوەی كۆمەڵگە لەڕووی ئابوورییەوە.



ڕیکلام