ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی راگەیەندراوێکیان لەبارەی هێرشەکەی سەر هەولێر بڵاوکردەوە

  2021-04-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی راگەیەندراوێکی هاوبەش لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر بڵاودەکەنەوە و دەڵێن، پێکەوە کار دەکەن تاوەکو دڵنیادەبنەوە لەوەی ئەوانەی لە پشت هێرشەکەوەن، سزا بدرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە وەک حکومەتەکانی فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، بەریتانیا و ئەمریکا، زۆر بە تووندی هێرشەکەی 14ی ئەم مانگە بۆ سەر هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکەین".

دەشڵێن، "پێکەوە لەڕێی حکومەتەکانمانەوە پشتیوانی لە لێکۆلینەوەکانی حکومەتی عێراق دەکەین لە بارەی هێرشەکان بۆ دڵنییایدان کە ئەوانەی هێرشەکانیان ئەنجامداوە بەرپرسیار دەبن لە بەرامبەر کارەکانیاندا".

ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی راشیانگەیاندووە، "ئێمە لە تێروانینمان یەکگرتووین لەسەر ئەوەی کە هێرشکردنە سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان و دامودەزگاکان قبوڵ ناکرێت و دووبارە جەخت لە پابەندبوونی نەگۆری خۆمان لە جەنگی دژی داعش دەکەینەوە".

کاتژمێر 9:45 خولەکی شەوی چوارشەممە ١٤ی٤ی٢٠٢١، هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و پاش چەند خولەکێک لەو هێرشە، چوار موشەک ئاڕاستەی بنکەیەکی سەربازی تورکیا لە باشیک کران .

دواتر وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "دوای لێکۆڵینەوە و بەداواداچوونی دەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ هۆکاری تەقینەوەی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە ئەنجامدا دەرکەوت کە هێرشەکە بەڕێگەی درۆنی TNTکراو بووە و ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کراوە لە ناو فڕۆکەخانە ".

ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە و تەنها زیانی ماددی بەر باڵاخانەیەک کەوتووە .

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن بۆ دیاریکردنی سەرچاوە و شوینی هاتنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکە.



ڕیکلام