پۆلیسی راپەڕین وردەکاری رووداوی تەقەکردنەکەی چوارقوڕنەی بڵاوکردەوە

  2021-04-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پۆلیسی راپەڕین وردەکاری رووداوی تەقەکردنەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی چوارقوڕنە بڵاوکردەوە کەبەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "کاتژمێر ٦:٣٥ خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی کەسێک بەناوی (آ،م،ب) لەدایکبووی ساڵی ١٩٨٧ ڕەگەزی نێر پیشەی پۆلیس لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕین/ بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ژاراوە، دانیشتوی ناحیەی چوارقوڕنە/ کۆڵێن سیتی گەیەندرایە پزیشکی دادوەری ڕانیە کە شوێنەواری فیشەک بەجەستەیەوە هەیە. دوای ئەنجامدانی توێکاری ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە" .

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕوداوەکە لە کاتێکدا بووە کە دوای ئەوەی هێزەکانی پۆلیسی لە ڕانیە و چوارقوڕنە ئاگادار کرانەوە بە بوونی ڕووداوێکی تەقەکردن لە ناحیەی چوار قوڕنە/ کۆڵێن سیتی و لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانمان بۆ شوێنی ڕووداوەکە تەقەکەرەکان ڕایان کردبوو بۆ شوێنێکی نادیار. چەند قەوانێکی تەقیوی جۆری چەکی کڵاشنکۆف و دەمانچە لە شوێنی ڕوداوەکە دۆزرانەوە و دەستیان بەسەردا گیراوە" .

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بە وتەی خێزانی کوژراوەکە، ئێوارەی ئەمڕۆ پێش خۆرئاوابوون لە نزیک ماڵەکەی خۆیان لە کۆڵێن سیتی لە ناحیەی چوارقوڕنە لەلایەن چەند کەسێکەوە دەسڕێژی گوللەی کرایە سەر و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاندووە، لەسەر ڕوداوەکە دادوەری لێکۆڵینەوەی لێ ئاگادارکرایەوە و مەلەفی لێکۆڵینەوە بۆ ڕوداوەکە کرایەوە و فەرمانی دەستگیر کردن بۆتەقەکەرەکان دەرچوو بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێڕاقی و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە .



ڕیکلام