وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، بڕیارە ملیۆنێک و 300 هەزار ڤاکسینی دیکە بگاتە عێراق، دەشڵێت، هەفتانە ڤاکسینی فایزەر دەگاتە وڵاتەکە.
حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە کۆتایی ئەم مانگەدا ملیۆنێک و 300 هەزار ڤاکسینی دیکە لە رێگەی دامەزراوەی کۆڤاکسەوە دەگاتە عێراق و لەمەودواش هەفتانە ڤاکسینی فایزەر دەگاتە عێراق.
تاوەکو ئێستا سێ جۆر ڤاکسین گەیشتوونەتە عێراق و هەرێمی کوردستان کە بریتین لە سینۆفارم، ئەسترازێنیکا و فایزەر و 215 هەزار و 801 کەسیش ڤاکسینیان وەرگرتووە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 964 هەزار و 435 تووشبووی کۆرۆنا لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، 843 هەزار و 851 کەس لەو تووشبووانە چاکبوونەتەوە، واتە 87.5%ـی تێکڕای تووشبووان؛ هەروەها 105 هەزار و 655 تووشبووی کۆرۆنا هێشتا چارەسەر وەردەگرن، 14 هەزار و 915 تووشبووی کۆرۆناش گیانیان لەدەستداوە.