بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە: بوونی حەشدی شەعبی لە هەندێک ناوچە دەرفەتێکە بۆ گەشەکردنیان

  2021-04-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە هەندێک ناوچەدا بۆخۆی دەرفەتێکە، بۆئەوەی گرووپی تیرۆریستی دەرفەتی باشتر ببینن و گەشەبکەن، دەشڵێت، پێویستە کۆنترۆڵ بکرێن و تەنها سوپای عێراق هەبێت.

سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم رایگەیاندووە، وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق کار بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانە دەکەن کە بۆشایی ئەمنی هەیە لە نێوان هێزەکانیاندا، بۆئەوەی چیتر ئەو گروپە تیرۆریستییانە نەتوانن ئەو بۆشاییە ئەمنیە بقۆزنەوە.

دەشڵێت، لەبارەی ئەو هێرشانەوە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا گفتوگۆیان کردووە و پێیان راگەیاندوون، کە دەبێت لەو ناوچانە تەنیا سوپای عێراقی لێبێت و نابێت حەشدی شەعبی هەبێت.

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێویستە ئەو ناوچانە کۆنترۆڵ بکرێن، بۆ ئەوەی گروپی تیرۆرستی نەتوانن دەرفەت وەربگرن و هێرش بکەنە سەر ئەمن و ئاسایشی هەرێم.

ئاشکراشیکردووە، "بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە بۆخۆی دەرفەتێکە، بۆئەوەی گروپی تیرۆریستی دەرفەتی باشتر ببینن و گەشەبکەن و لەوانەیە هاوکاریشیان بکرێت، چونکە بەراشکاوانە دەیڵێم هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراقدا کۆنترۆڵ نەکراون."

لە شەوی ١٤ی ئەم مانگەدا، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و لە ١٥ی مانگیشدا،  میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، لە رۆژهەڵاتی موسڵدا بنکەیەکی سەربازی هێزەکانی حەشدی شەعبی کرایە ئامانج و چەکدارێکیش بریندار بوو.

لە هەندێک لە ناوچەکانی نێوان هەرێم و عێراقیشدا ناو بە ناو هێرشی چەکداری ئەنجامدەدرێت و شارەزایانیش هۆکارەکەی بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە دەگەڕێننەوە.


ڕیکلام