تەندروستی هەولێر: ڤاکسینی فایزەر تەواوبووە

  2021-04-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر رایگەیاند، ڤاکسینی جۆری فایزەر لە رۆژی پێنجشەممەوە لە هەولێر تەواو بووە و لە ئێستادا بڕێکی کەم لە سەنتەری سۆران ماوەکە کە پێدەچێت ئەمڕۆ و بەیانی لەوێش تەواو ببێت.

لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان، د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر رایگەیاند، لە سنوری پارێزگای هەولێر ٤٦ شوێن بۆ کوتانی هەموو جۆرەکانی ڤاکسینی کۆرۆنا دیاریکراون کە پێکهاتوون لە ٤٣ بنکەی تەندروستی و سێ نەخۆشخانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هاوڵاتیان پێش ئەوەی سەردانەی ئەو بنکانە بکەن، پێشوەختە ناوی خۆیان لە سایتی وەزارەتی تەندروستی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمارکردبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای دەستپێکردنی پڕۆسەی کوتانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، ١٩ هەزار و ٥٠٠ دۆز لە هەموو جۆرەکانی ڤاکسین بۆ سنوری پارێزگای هەولێر دیاریکراوە.

وتیشی، لەو بڕە نزیکەی ١٥ هەزار دۆز بەکارهاتووە و ٤ هەزار و ٥٠٠ دۆزیش ماوە لە هاوڵاتیان بدرێت.

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر راشیگەیاند، بەهۆی ئەوەی بڕێکی کەم لە جۆرەکانی سینۆفارم و فایزەریان بە دەست گەیشتووە، لە ئێستادا ئەو دوو جۆرە ڤاکسینە لە هەولێر کەمبوونەتەوە و رۆژی پێنجشەممە لە نەخۆشخانەی رزگاری ڤاکسینی فایزەر تەواو بووە و لە ئێستادا تەنها جۆری ئەسترازێنیکا لەبەردەستدا ماوە.

ئاشکراشیکرد، پەرۆشی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا زیادیکردووە و ئەوەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ نەمانی ڤاکسین لە شاری هەولێر.

د. دلۆڤان محەمەد ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن، ڤاکسینی ڤایزەر تایبەت کرابێت بە کەسان و چینێکی تایبەت و رایگەیاند، تەنها لەسەرەتای هاتنی ڤاکسینی سینۆفارمی چینی و لە قۆناغی یەکەمدا کوتانی ئەو ڤاکسینە تایبەت کرا بە پزیشکان و کارمەندان تەندروستی، بەڵام لەئێستادا فایزەر و هەموو جۆرەکانی ڤاکسین بەشێوەیەکی یەکسان دابەش دەکرێت بەسەر گشت هاوڵاتیاندا.

بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر راشیگەیاند، لە سنوری پارێزگای هەولێر دوو سەنتەر دیاریکرابوون بۆ کوتانی ڤاکسینی فایزەر کە ئەوانیش سەنتەری نەخۆشخانەی رزگاری و سەنتەری سۆران بوون، لە نەخۆشخانەی رزگاری تەواو بووە و لەئێستادا تەنها بڕێکی کەم لە سەنتەری سۆران ماوە کە پێدەچێت لە ماوەی ئەمڕۆ و سبەینێدا لەوێش تەواو ببێت.

 



ڕیکلام