سۆرانی  |  بادینی  |  English      

بارزانى و باڵیۆزی توركیا: بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى شنگال پێویستە ڕێککەوتنى هەولێر و بەغدا جێبەجێبکرێت

  2021-04-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان

سەرۆکى پارتى و باڵیۆزی توركیا لە عێراق، بەپێویستى دەزانن، لەپێناو سەقامگیریی و گەڕانەوەی ئاوارەكان ڕێككەوتننامەی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت.

ئەمڕۆ، مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى لە سەلاحەددین لەگەڵ فاتیح یەڵدز باڵیۆزی توركیا لە عێراق کۆبونەوە.

لە دیدارەكەدا كە باڵیۆزی توركیا لە عێراق بە مەبەستی ماڵئاوایی و كۆتاییهاتنی ئەركەكانی لە عێراق سەردانی بارزانی كردبوو، باڵیۆزی توركیا سڵاوی سەرۆككۆماری توركیای بە بارزانی گەیاند و هەورەها ئییدانەی هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان و فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێری كرد.

هەر لەو دیدارەدا كە هاكان كاراچای كونسوڵی گشتیی توركیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا كرایەوە و هەردوولاش لەسەر ئەوە هاوڕا بوون كە لەپێناو مسۆگەربوونی سەقامگیریی و گەڕانەوەی ئاوارەكان پێویستە ڕێككەوتننامەی نێوان حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال جێبەجێ بكرێت.