پلاندانانی عێراق: ڕێژەی هەژاری بەرزبووەتەوە بۆ لە ٢٧%

  2021-04-19  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەکەوە ڕێژەی هەژاری بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە نێوان ٢٦% بۆ ٢٧%.

عەبدولزەهرە هەنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی حکومەت ڕایگەیاند، دوای بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، ڕێژەی هەڵاوسان بەرزبووەتەوە بۆ لە ٥%، بەڵام ڕێژەی هەژاری بەرزبووەتەوە بۆ ٢٦% بۆ ٢٧%.

ئاماژەی بەوەشکرد، پلانیان داڕشتووە بۆ زیندووکردنەوەی قۆناغی ئابوری و پلانەکەش بە دوو ساڵ و بە سێ ئاراستە جێبەجێ دەکرێت.

هەنداوی ڕوونیشیکردەوە، وەزارەتی پلاندانان کۆتایی هێناوە بە پلانی چاکسازی و دووبارە زیندووکردنەوەی کەرتی ئابوری، لە پلانەکەشدا ئەو قەیرانە دوو لایەنەیە لەبەرچاو گیراوە کە وڵاتەکیە پێدا تێپەڕ دەبێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە قەیرانی ئابوری و قەیرانی تەندروستی و ئەو کاریگەریانەش کە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژاری و بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەک و دروستبوونی هەڵاوسان و پاشەکشەی ئابوری لە وڵاتدا.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا وتەبێژی وەزارەتی پلان دانان ئاماژەی بەوەشکردوو، پلانێکی دوو ساڵەیان لە ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٣ داناوە بە سێ ئاراستە کاری لەسەر دەکرێت، یەکەمیان ئابوری کە خۆی دەبینێتەوە لە باشترکردنی ئاستی ئابوری و پشتیوانی لە کەرتی تایبەت.

دووەم کۆمەڵایەتی، کە پشتیوانی کردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە بواری تەندروستی و فێرکردن و گێڕانەوەی ئاوارەکان و پشتیوانی تواناکانی ژنان لە خۆ دەگرێت.

سێهەم، تەوەری شوێنە کە خۆی دەبینێتەوە لە چارەسەرکردنی ئەو بۆشاییانەی کە لە بواری گەشەپێدانی پارێزگاکاندا دروست بووە.

 



ڕیکلام