دادگای تەمیز بڕیاری لە سێدارەدانی بکوژی سێوان قادر و منداڵەکانی پەسەندکرد

  2021-04-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیارى دادگاى تەمیز بە پەسەندکردنى سزاى لەسێدارەدانى هاوسەرى سێوان قادر، دڵخۆشییەکى زۆرى خستە نێو دڵى دایکى سێوان و ئەندامانى دیکەى خێزانەکەیەوە.

ئەوەش دواى ئەوەى دادگای تەمیزى هەرێمی کوردستان بڕیاری دادگای سلێمانی بۆ لەسێدارەدانی هاوسەرى سێوان قادری پەسەندکرد، کە تاوانبارە بە سوتاندنی هاوسەرەکەى و سێ منداڵەکەی.

كەسوکارى سێوان ئێستا چاویان لە دەست و قەڵەمى نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستانە كە بڕیارەکە واژۆ بكات بۆ ئەوەى سزاى لەسێدارەدان بەسەر "دیار مەجید"ى هاوسەرى سێوان جێبەجێبکرێت.

پارێزەری کەیسی سێوان و منداڵەکانی باس لەوە دەکات پەڕاوەکانی تایبەت بە کەیسەکە رەوانەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ واژۆکردنی ئەگەر نێچیرڤان بارزانی بڕیارەکە واژۆ بکات بڕیاری لەسێدارەدانەکە جێبەجێدەکرێت .

دەشڵێت، هیچ رێگرییەک نییە لە جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانەکە ئەگەر سەرۆکی هەرێم واژۆی نەکات دەبێ بۆ هەتاهەتایە حکومەت تاوانبارەکە بەخێو بکات

رۆژی 2018/12/16 له ‌گه‌ڕه‌كی ئاسوده‌ی قەزای چه‌مچه‌ماڵ سێوان قادری 23 ساڵ و هەر سێ منداڵی لە ماڵەکەی خۆیاندا سوتان.

 کاتی رووداوەکە هه‌رسێ منداڵه‌كە راستەوخۆ گیانیان له‌ده‌ستدا و جەستەی سێوانیش بە رێژەی 90٪ سووتا و رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سووتاوی لە سلێمانی کرا.

بەرەبەیانی رۆژی 2018/12/24 به‌هۆی سه‌ختیی برینه‌که‌یه‌وه‌ سێوان قادر گیانی له‌ده‌ستدا، سێوان پێش گیانلەدەستدانی هاوسەرەکەى بە سوتاندنیان تۆمەتبارکرد.

دوای رووداوەکە  لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ بۆ لێکۆڵینەوە و دەستخستنی بەڵگە پێکهێندرا دوای تەواوبوونی کارەکەیان دەرکەوت بکەرێک لە تاوانەکەدا هەبووە و  بەڵگەی تەواویان  لەسەر رووداوەکە دەست کەوت و لیژنەکە ئەنجامی راپۆرتەکەیان رادەستی دادگا کرد.

 دوای نزیکەی 18 مانگ و 16 دانیشتنی دادگا رۆژی 11-8-2020 دادگای سلێمانی بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەی سوتانی سێوان قادر و سێ منداڵەکەی بە لەسێدارەدان بۆ (دیاری)ی  هاوسەرى بەپێی ماددەی 406 1/ز لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکرد.

پەسەندکردنى بڕیارى لەسێدارەدان بۆ هاوسەرى سێوان قادر لەکاتێکدایە ماوەى هەفتەیەکە جارێکى تر میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕبوون لە هەواڵى کوشتن و خۆکوشتن و خنکاندنى ژنان.

زۆربوونی  رووداوەکانی کوشتنیش رەنگە کاریگەری لەسەر بڕیاری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەبێت.

سزاى لەسێدارەدان لە هەرێمى کوردستان ساڵانێکى زۆرە جێبەجێ ناکرێت جگە لە چەند حاڵەتێکى تایبەت نەبێت کە بڕیارى لەسێدارەدانەکە جێبەجێ کراوە.

بۆ نموونە ساڵى 2016 گەنجێک لە گوندێكی سنوری پارێزگای دھۆك منداڵێکى 18 مانگانى بە ناوى "مینا" فڕاند بۆ ئەوەی "دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر" بەڵام دواتر کوشتى و تەرمەکەى پارچە پارچە کرد.

کوشتنى ئەو منداڵە بەو شێوازە دڕندانەیە کاردانەوەى فراوانى لێکەوتەوە لەو کاتەدا مەسعود بارزانى سەرۆکى ئەو کاتەى هەرێم سزاى لەسێدارەدانى ئەو کەسەى ئیمزا کرد و سزاکەى بەسەردا جێبەجێکرا.

پارێزەران و کەسوکارى سێوان قادریش چاوەڕوانن نێچیرڤان بارزانى هەمان هەڵوێستى هەبێت و بە نوکى قەڵەمەکەى بڕیارى لەسێدارەدانى بکوژى سێوان و منداڵەکانى ئیمزا بکات.


ڕیکلام