کاوە محەمەد: سەرۆکى پارتى هی ئەوەنیە ببێت بە مەرجەعی هەموو هەرێم

  2021-04-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کاوە محەمەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، پشتیوانى خۆى بۆ قسەکانى ئاڵا تاڵەبانی سەبارەت بە مەرجەع نەبوونی (مەسعود بارزانی)، دوپاتدەکاتەوەو دەشڵێت، نە پارتی ئەو حزبەیە بە قەد ساڵانی تەمەنی و ژمارەی کورسییەکانی لەپەرلەمان سەنگین بێت و نە سەرۆکەکەیشی هی ئەوەیە ببێت بە مەرجەعی هەموو هەرێمی کوردستان.

لە بابەتێکدا کە لە هەژمارى تایبەتى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە، کاوە محەمەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، دوایین هەڵوێستی ئاڵا تاڵەبانی سەبارەت بە مەرجەع نەبوونی (مەسعود بارزانی) بۆ هەموو هەرێمی کوردستان؛ تەنها باسکردنی حەقیقەتێکە کە لەخۆر درەوشاوەترە و بەشێک لەپارتییەکان خۆیان تووشی ئەو واهیمەیە کردووە و چەندیش هەوڵی بۆ دەدەن.

دەشڵێت: پەراوێزخستنی دامەزراوەکان، کە بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوو، بۆتە پێناسێکی زەقی پارتی، و کارکردن بۆ مەرجەعکردنی تاکە کەسێک، مەترسییەکی گەورەی دیکەیە بۆ سەر سەروەریی یاسا و دامەزراوەکان و رێک ئەمە بەشێکە لەپیشەسازیی دروستکردنی دیکتاتۆر، کە زۆر لەوڵاتانی ناوچەکە و دنیا بەهۆیەوە دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورەبوون.

بەپێى وتەى ئەو ئەندامەى پەرلەمانى کوردستان، نە پارتی ئەو حزبەیە بە قەد ساڵانی تەمەنی و ژمارەی کورسییەکانی لەپەرلەمان سەنگین بێت و نە سەرۆکەکەیشی هی ئەوەیە ببێت بە مەرجەعی هەموو هەرێمی کوردستان.

دەقى بابەتەکەى کاوە محەمەد:

بەبیانووی قسەکانی (ئاڵا تاڵەبانی)ەوە. .

سەرەڕای جیاوازیی حزبیمان و ناکۆکبوونمان لەهەندێ جار و پرس-دا، بەڵام (ئاڵا تاڵەبانی) بۆ من هەمیشە خوشکێکی ئەزیز بووە و لەزۆر کات و قۆناغدا بەیەکەوە کارمانکردووە و هاوهەڵێستی یەکتربووین..دوایین هەڵوێستی سەبارەت بە مەرجەع نەبوونی (مەسعود بارزانی) بۆ هەموو هەرێمی کوردستان؛ تەنها باسکردنی حەقیقەتێکە کە لەخۆر درەوشاوەترە و بەشێک لەپارتییەکان خۆیان تووشی ئەو واهیمەیە کردووە و چەندیش هەوڵی بۆ دەدەن نەک ناتوانن بیکەن بە حەقیقەت، بەڵکو هەڵسوکەوتی تەسکی حزبیانەی سەرۆکی حزبەکەیان، رۆژ بەۆژ زیاتر ئەو قسەیەی ئەو و ئێمە و زۆرانی دیکەش دەسەلمێنێت، بەڵام پارتیبوون پەتایەکە و رێگە بەوە نادات ئەو بەشە لەئەندام و کادیرانی، لەو واهیمەیە رزگاریان بێت. جگە لەوەش پەراوێزخستنی دامەزراوەکان، کە بەدرێژایی دەیان ساڵی رابردوو، بۆتە پێناسێکی زەقی پارتی، و کارکردن بۆ مەرجەعکردنی تاکە کەسێک، مەترسییەکی گەورەی دیکەیە بۆ سەر سەروەریی یاسا و دامەزراوەکان و رێک ئەمە بەشێکە لەپیشەسازیی دروستکردنی دیکتاتۆر، کە زۆر لەوڵاتانی ناوچەکە و دنیا بەهۆیەوە دووچاری ماڵوێرانی و کارەساتی گەورەبوون..

بەڵام لەهەموو ئەوانەش ناشیرینتر، ئەوەیە کە کەناڵێکی سووکی میدیایی پارتی بێت و پەلاماری کەسێتیی و ژنێتیی پەرلەمانتارێکی وەک  (ئاڵا تاڵەبانی) بدات و بێ رێزی بەرامبەر بکات..ئەو مێنتاڵێتییە ئاستنزم و بێ مۆڕاڵەی لەپشت ئەو کەناڵە و کەناڵەکانی دیکەی هاوشێوەیەتی و رۆژانە و شەوانە پەلاماری ئێمەی پەرلەمانتارانی رەخنەگر و چالاکوان و رۆژنامەنووسان دەدەن و بەردەوام ناو و ناتۆرەمان بۆ دەهۆننەوە، باشترین بەڵگەیە کە نە پارتی ئەو حزبەیە بە قەد ساڵانی تەمەنی و ژمارەی کورسییەکانی لەپەرلەمان سەنگین بێت و نە سەرۆکەکەیشی هی ئەوەیە ببێت بە مەرجەعی هەموو هەرێمی کوردستان..

بۆیە لێرەوە پشتیوانی خۆم بۆ قسەکانی (ئاڵا تاڵەبانی) دەردەبڕم و هیوادارم ئەمەش تەنها هەڵوێستی ئەو و بەشێکی یەکێتی نەبێت، بەڵکو هی هەموو یەکێتییەکان بێت، چونکە ئەمە پرسێکی خەتەرناکە و هەر کەس و حزبێک خۆی بە دیموکرات و ئازادیخواز بزانێت، دەبێت دژی بوەستێتەوە و بە هەموو توانایەک رێگری لێ بکات.

کاوە محەمەد    

ئەندامی پەرلەمانى عێراق



ڕیکلام