شادیە حسێن : لەگەرمیان ١٦٠ هەزار دۆنم زەوی زیانیان بەرکەوتووە

  2021-04-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان زیانەکانی بێ بارانی لەسنورەکە ئاشکرا کرد و بۆ چارەسەرکردنی وشکەساڵی راپۆرتی خۆیان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ کردوە و داوشی کردووە بۆ وەرزی داهاتوو بنەتۆ بۆ جوتیارەکان دابین بکرێت.

    
شادیە حسێن، بەرێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان بە تۆڕی هەواڵی ژیانی ڕایگەیاند "بەهۆی کەمی رێژەی باران بارین لەسنوری ئیدارەی گەرمیان سەد و شەست هەزار دۆنم زەوی توشی زیان بووە کە دەکاتە نزیکەی ٧٠%ی سەرجەم زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە".  
  
وتیشی، لەسنوری ئیدارەی گەرمیان٦١١  هەزار سەر مەڕ و ١٣٦ هەزار بزن و ١٠هەزار ڕەشەوڵاخ و دوو هەزار گامێش هەیە،  کەمی باران بارین کاریگەری راستەوخۆی هەبوە لەسەریان.  
  
رونیشیکردەوە، بۆ چارەسەرکردنی گرفتی وشکەساڵی راپۆرتی خۆیان ئاراستەی وەزارەتی کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو کردوە و داوایان کردوە کەپێویستە بۆ گەرمیان بودجەی تایبەت دابنرێت.  
  
هەروەها داواشی کردوە بۆ وەرزی دووەمی چاندن بنەتۆ بۆ ئەو جوتیارانە دابین بکرێ کەبەهۆی وشکەساڵییەوە زەرەرمەندبوون.  

کێشەی وشکەساڵی بووەتە هەڕەشە لەسەر دانەوێڵە و لەوەڕگاکانی ناوچەی گەرمیان وبە پێی بەدواداچوونەکانی تۆڕی هەواڵی ژیان بەشێک لە ئاژەڵدارەکان ڕوویان لە کوێستانەکان کردووە و بەشێکی تریش دەیانەویت لە رۆژانی داهاتوودا بۆمەبەستی دابینکردنی لەوەڕ ڕوو لە کۆێستانەکان بکەن.


ڕیکلام