جۆ بایدن بەفەرمی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانی بەجینۆساید ناساند

  2021-04-24  | 
جۆ بایدن سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەفەرمی کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانی بەجینۆساید ناساند.

كۆشكی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کەمێک پێش ئێستا جۆ بایدن سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا به‌فه‌رمی كۆمه‌ڵكوژی ئه‌رمه‌نییه‌كانی به‌جینۆساید ناساندووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئیمپڕاتۆریه‌تی عوسمانیه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌.

رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی٤ی٢٠٢١، زیاتر لە ١٠٠ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا نامەیەکیان بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا نارد و داوایان لێکرد وەک سەرۆکی ئەمریکا بەفەرمی کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان بە جینۆساید بناسێنێت، کە تیایدا زیاتر لە ملیۆن و نیوێک مرۆڤ لەسەر دەستی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی کۆمەڵکوژکراون.

پێشتریش لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٩ دا کۆنگرێسی ئەمریکی بۆ یەکەمجار دانی بەو تاوانەدا ناوە و وەک کۆمەڵکوژیی ناویان بردووە، لەنامەکەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا هاتبوو، هەرچەندە زۆرینەی وڵاتانی جیهان ئەو تاوانەی سەدەی بیستەمیان وەک جینۆساید ناساندووە بەڵام بەداخەوە سەرۆکەکانی ئەمریکا بێدەنگییان لەبەرامبەردا هەڵبژاردووە .

ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا راشیانگەیاندبوو، "سەرۆکی بەڕیز؛ ساڵی پار لە رۆژی ٢٤ نیسان دا گوتت بێدەنگی عەیبەیە، ئەو بێدەنگییە شەرم هێنەرەی سەرۆکەکانی ئەمریکا لەبارەی ئەو حەقیقەتە مێژووییەوە کە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکانە پێویستە کۆتایی بێت".

پێشبینیش دەکرێت ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا، گرژی و ئاڵۆزیی بخاتە نێوان واشنتن و ئەنەکەرە کە بۆ یەکەمجارە ئەمریکا بەفەرمی ئەو تاوانە پشتڕاستدەکاتەوە و وەک تاوانی جەنگی و جینۆساید دەیناسێنێت، سەرەڕای ئەوەی فەرەنسا و ڕوسیا پێشتر دانیان پێدا ناوە.

دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی پێشوودا حکومەتی هۆڵەندا دانی بە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکاندا نا, تورکیا ئەو هەنگاوە وا لێکدایەوە کە نوسینەوەی مێژووە بە مەبەست و ئامانجی سیاسی. هەروەها مەولود چاویش ئۆغڵوو وەزیری دەرەوەی تورکیاش لە چاوپێکەوتنێکدا هەفتەی پێشوو لەبارەی ئەو ئەگەرەی ئەگەر بایدن ئەو تاوانە بە جینۆساید بناسێنێت ڕایگەیاندبوو: ڕاگەیاندنی ئەو شتانە ئەگەر پابەندبوونی یاسایی بەدواوە نەبێت هیچ بایەخێکی نابێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە زیان لە پەیوەندییەکانمان دەدات، ئەگەر ئەمریکاش بیەوێت پەیوەندییەکانمان خراپتر بێت ئەوە بڕیارێکەوە پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە.



ڕیکلام