کەرکوک.. بەرهەمی دانەوێڵە نیوەى ساڵان دەبێت

  2021-04-25  | 
 سۆران عەبدولکەریم
فەرمانگەی كشتوكاڵی كەركوك ڕایدەگەیەنێت بەهۆی بێ بارانیەوە چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمی دانەوێڵەی ئەمساڵی پارێزگاکە بەراورد بەساڵی ڕابردوو بۆ نیوە کەم بکات.

 زوهێر عەلی بەڕێوبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند: ئەمساڵ پلانی چاندنی یەك ملیۆن دۆنم زەویمان بە دانەوێڵەی گەنم و جۆ لە پارێزگاكە دانا، بەگشتی ولەئەرزی واقیعدا 700 هەزار دۆنم زەوی كێڵدران و چێنران.

 ناوبراو ئاشکراشی کرد پێشبینی دەكەین لەم ساڵدا زیاتر لە 350 هەزار تەن دانەوێڵە بەرهەم بێت، لەكاتێكدا ساڵی رابردوو 600 هەزار تەن بەرهەممان هەبووە لەبەرهەمی دانەوێڵە بەشێوەیەکی گشتی.

 بەڕێوبەری کشتوکاڵی کەرکوک باسی لەوەش کرد پێشبینمان بۆ بەرهەم هێنانی ئەو بڕە لەدانەوێڵە لەمساڵدا لەکۆی پارێزگاکە لەسەر بنەمای بڕی ئەو بارانەیە كە لە ئەمساڵدا باریوە و لەئێستاوە زیانەكانی دەركەوتون، كە تەنها 104ملم باران باریوە، ئەوەش كەمترین بڕی باران بارینە لە دوو دەیەی رابردودا.

 وتیشی ساڵی رابردوو 283ملم و ساڵی 2019ش 535ملم باران باریبوو .

 کەمی ڕێژەی باران وپێویستی ئاژەڵداران بۆ دانەوێڵەو پێشبینیەکان بۆ کەمی بەرهەم لەمساڵدا هۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی گەنم وجۆ لەپارێزگاکە کە لەئێستادا نرخی یەک تۆن گەنم وجۆ لە ٣٨٠ هەزارەوە بۆ ٤٨٠ هەزار دینار بەرزبۆتەوە.



ڕیکلام