مامۆستایەک بەسەرخۆشی خوێندکارەکانی دەباتە یانەیەکی شەوانە

  2021-04-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مامۆستایەکی بەشی (IT) لە یەکێک لە قوتابخانە بەنێوبانگەکانی بەریتانیا لە گەشتێکی زانستیدا قوتابییەکانی دەباتە یانەیەکی شەوانە و ئەمەش دەبێتە هۆی دورخستنەوەی ئەو مامۆستایە لە پیشەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵ .

ماڵپەڕی (BBC) بەریتانی لە زاری ئاژانسی یاساکانی فێرکردنی ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە کە مامۆستاکە بەناوی ریچارد گلێن لە قوتابخانەی لۆنگریج تاوەرس وانەی گوتووەتەوە، ئەو رۆژەی بەزۆر قوتابییەکانی خۆی لە گەشتێکی زانستیدا بردووەتە یانەیەکی شەوانە سەرخۆش بووە .

ریچارد گلێن تەمەنی ٥٥ ساڵە و بەشێک لە قوتابییەکانی نیگەرانی خۆیان پیشانداوە لە مامەڵەی خراپی ئەو لەگەڵیان، هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی نەشیاوی هەڵسوکەوتی لەگەل خوێندکارەکانیدا لە وانەوتنەوە دورخراوەتەوە .

قوتابییەکانی ریچارد گلێن بۆ هەر وەرزێکی خوێندن بڕی ٤ هەزار و ٨٥٠ پاوەندیان داوە بە قوتابخانەکەیان و تەمەنیان لەنێوان ١٦ بۆ ١٨ ساڵدابووە کاتێک کە براون بۆ یانە شەوانییەکە لە ٥ی مانگی ٧ی ساڵی ٢٠١٩ .

بڕیاربووە ریچارد و قوتابییەکانی نزیکەی ٢٣ رۆژ بەسەر ببەن لە گەشتە زانستییەکەیاندا، بەڵام بەهۆی خراپی هەڵسوکەوتی ریچارد گەشتەکە راگیراوە و مامۆستاکە لە پیشەکەی دورخراوەتەوە .

ریچارد لەگەڵ بەشێک لە قوتابییەکانی کە تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵ بووە خواردنەوە کحولییەکانی خواردووەتەوە و هەڕەشەی کوشتنی لە بەشێک لە قوتابییەکانی کردووە بەوەی "بە پێلەقە لە سەریان دەدات ."

یەکێکی دیکە لە تۆمەتەکان لە دژی ریچارد ئەوەی کە لە کاتی مانەوە لە یەکێک لە هۆتێلەکان، هەوڵی داوە خۆی لە ئافرەتەکان نزیک بکاتەوە .

ئاژانسی یاساکانی فێرکردنی بەریتانیا رایگەیاند ریچارد دانی بە "کردەوە نەشیاوەکانی"دا ناوە، بەڵام لە هەندێک لە مامەڵەکانیدا بەهۆی سەرخۆشییەوە ئاگای لەخۆی نەبووە و گوتوویەتی مەبەستی لە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی نەبووە .


ڕیکلام