قەرەچەکەکانى عێراق لە نێوان بەرداشى بژێوى و ڤایرۆسی کۆرۆنادا

  2021-04-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قەرەچەکانى عێراق بە یەکێک لە کەمە پێکهاتەکانى عێراق دادەنرێن، سەرەڕای ئەوەى سەرژمێریی تەواو لەبەردەستدا نیە بەڵام وەک ڕێکخراوەکانى مافى مرۆڤ و کۆمەڵگەى مەدەنى باسی دەکەن لە نیو ملیۆن زیاترن، بەڵام بەشێکى زۆریان ڕوویان لە دەرەوەى عێراق کردووە.

ژیانى قەرەچەکان کە جاروبار –دۆم و کاوڵیشیان پێدەگوترێت- جیاوازە لە ژیانى چین و پێکهاتەکانى ترى عێراق، هەربۆیە ڕووبەڕوو بوونەوەى پەتاى کۆرۆنا و شێوازەکانى خۆپارێزیی و کەرەنتینەشیان جیاوازە، بە پێى لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونە رۆژنامەوانییەکان خێزانە قەرەچەکان لەناوخۆی خۆیاندا زۆر تێکەڵن و پەیڕەویش لە بنەما تەندروستییەکان ناکەن، خۆپرارێزییان لە پەتاى کۆرۆنا زۆر ئەستەمە، لەبەر کیشەى دارایی و بژێوی رۆژانەشیان ناچارن تێکەڵاو خەڵکانى دیکەش ببن، ژن و منداڵەکان زیاتر لە پیاوەکانیان کار دەکەن و بەردەوام رۆژ دەبێتەوە سەرقاڵی پارووە نانێکن پێى بژین.

سەلمان لەوزی چالاکوانى کاروبارى کەمینەکانى عێراق باس لەوە دەکات قەرەچەکانى موسڵ و بگرە هەموو عێراقیش ژنانیان لە هەموو پێکهاتەکانى ترى عێراق جیاوازترە، ژنەکانیان زۆرتر لەدەرەوەن و کاردەکەن بۆ ئەوەى بژێوى خێزانەکانیان دابین بکەن.  

لەباسی تایبەتمەندییەکانى قەرەچەکانیش دا ڕای وایە سەرەڕای ئەوەى ئەوان هەڵگری هیچ ناسنامەیەکیش نین، بەشداری هیچ جۆرە هەڵبژاردنێک ناکەن و کەسیان باوەڕیان بەو ململانێیانە نییە، بەڵام ئەوەى کە جێگەى سەرنجە گیرۆدەى دەستى هەژاریی و کەمدەستین و لەسەردەمى کۆرۆناشدا هێندەى تر ژیانیان قورستر بووە.

قەرەچەکان وەک خۆشیان ناپارێزن، هیچ جۆرە پشکنینێک ئەنجام نادەن و زۆرینەى ڕەهاشیان تواناى دابینکردنى دەرمانى تایبەتى کۆرۆنایان نییە، مەنار زوبەیدى چالاکوانى کۆمەڵگەى مەدەنى بە –الحرة-ى گوتووە: ئەوان تواناى دابینکردنى خۆراکى رۆژانەیان نییە بۆ نەخۆشەکانیان چ جاى بگات بەدەستەبەرکردنى دەرمانى کۆرۆنا.

مستەفا محسین، پزیشکێکى خێرخوازی خۆبەخشە و کار لە سەر قەرەچەکان دەکات ، ڕایگەیاندووە ژیان و گوزەرانى قەرەچەکان کارەساتێکى گەورەیە، ماڵەکانیان بچووک و قەرەباڵغە، ئالوودەیە بە نەخۆشی جۆراوجۆر و خاوێن نین.

دکتۆر مستەفا بە –الحرة-ى گوتووە: سروشتى کارى قەرەچەکان هەروایە دەبێت بە شێوەی فیزیکى تێکەڵاوى خەڵک بن ، هەربۆیە خۆپارێزییان بۆ ناکرێت.

هەرچەندە ئەو پزیشکە هیچ ئامارێکى ئەوتۆى لەبەردەستدا نییە، لەبەر ئەوەى وەزارەتى تەندروستى عێراق لەسەر بنەماى نەتەوە یان پێکهاتەى جیاواز ئامارەکانى ئامادە ناکات، بەڵام وەک خۆی دەڵێت زیاتر لە 100 کەسی قەرەچى چارەسەر کردووە و دەرمانى بۆ دابینکردوون کە ژن و منداڵیشیان تێدا بووە و تووشى کۆرۆنا بوون.

مەنار زوبەیدیش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئامارێکى ڕاست و دروستیان لەبەردەستدا نییە، بۆیە نازانن قەرەچەکان چەندیان تووشى کۆرۆنا بوون و چەندیشیان چاکبوونەتەوە، بەڵام ئاگاداری ئەوە نەبووە کە یەکێکیان بە هۆکارى ڤایرۆسە مردبێت.

زوبەیدى باس لەوەش دەکات: ئەم چینە کۆمەڵایەتیە کێشەى خزمەتگوزایی و تەندروستییان هەیە لە هەر شوێنێکى عێراقدا بن،  ڕێکخراوە نێو دەوڵەتیەکانیش بایەخێکى ئەوتۆیان پێ نادەن، ئەوەى نەتەوە یەکگرتوەکان بۆیان دەکات شتێکى ئەو تۆ نیە و قەرەبووى کێشەکانیان بۆ ناکاتەوە.

 قەرەج  (دۆم و کاوڵی)شیان پێدەگوترێت  کۆمەڵێکی کۆچەریی و گەڕۆکن، ئەوانەى کە ئێستا نیشتەجێى عێراقن لەسەرتاوە لە نیمچە دوورگەى هیندستانەوە هاتوون و نەگەڕاونەتەوە، زمانێکی تایبەت بە خۆیان ھەیە و ناسراون بە سەما و مۆزیک ژەندن و هەندێک پیشەى دەستى تایبەتیان هەیە، هەڵگرى هیچ ئاین، مەزهەب ، نەتەوە و نیشتیمانێک نین .

زۆربەی کات لە گوند و کۆمەڵگای نیشتەجێبونی دورەپەرێز لە دەوروبەری شارەکاندا دەژین. لە ھەریەک لە پارێزگاکانی بەغدا، بەسڕە، نەینەوا، موسەنا، دیوانیە  و ھەندێ شاری ھەرێمی کوردستاندا بونیان ھەیە. یەکێ لە شارەکانی پارێزگای دیالەش بە ناوی کەنعانەوە یەکێکە لە نشینگە گرنگەکانی ئەم کەمینەیە .

یەکێ لە نیشتگەکانی تری ئەم کۆمەڵە بە ناوی شارۆچکەی کاولییەکە دەکەوێتە ١٠٠ میل لە باشوری شاری بەغداد . ئەوەندەی زانراوەئەو شارۆچکەیە  لەلایەن سوپای مەھدییەوە   وێرانکراوە بە پاساوی ئەوەی کە دانیشتوانەکەی بنەمای ڕەوشتیی پەسەندیان نییە. ئەمانە بونە ھۆی ئەوەی کە زۆرینەیان کۆچ بکەن بۆ دەرەوە و عیراق بەحێبهێڵن، ئێستاش بەیەکێک لەو کەمینانەى عێراق دێنە ئەژمار کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لایەک و سەختى ژیانى رۆژانەیان بڕستى لێبڕیون.




ڕیکلام