ئەمریکا دەستیکرد بە کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان

  2021-04-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژەنەڕاڵ سکۆت میلەر فەرماندەی هێزەکانی ئەمریکا و ناتۆ لە ئەفغانستان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی و ناتۆ دەستیان کردووە بە کشانەوەی هێزەکانیان لە هەندێک لە بنکەکانی خۆیان لە ئەفغانستان.

میلەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابولی پایتەخیت ئەفغانستان ڕایگەیاند "هێزەکانمان دەستیانکرد بە کشانەوە لە هەندێک لە بنەکانی خۆیان لە ئەفغانستان".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەم نزیکانە سوپای ئەمریکا سەرجەم بنکە سەربازییەکان ڕادەستی هێزەکانی حکومەتی ئەفغانستان دەکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، لە سەرەتای مانگی داهاتوو دەست دەکات بە کشانەوەی هێزەکانی لە ناوخۆیی ئەفغانستان.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، پرۆسەی کشانەوەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم هاوبەش و هاوپەیمانەکان بەڕێوەدەچێت.

کینس ماکینزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا، ڕۆژی ٢٣ی ئەم مانگە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەىاند، دوای کشانەوەش واشنتۆن پشتیوانی لە هاوپەیمانەکانی دەکات لە ئەفغانستان، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەسەر خاکی ئەفغانستان نابێت .

فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا جەختیشکردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە ئامادەباشیدا دەبێت، بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی، کە سەرچاوەکەی لە ئەفغانستانەوە بێت .

ئەو لێدوانانەی فەرماندەی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە کاتێکدایە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا ئاشکرایکرد، بە نزیکبوونەوە لە ساڵیادی روداوەکانی ١١ی سێپتەمبەری داهاتوو، ئیدارەکەی  بە خشتەیەکی زەمەنی دیاریکراو، کۆتایی دەهێنێت بە بوونی هێزەکانی وڵاتەکەی لە ئەفغانستان، پرۆسەکەش لە ڕۆژی ١ی مانگی ئایاری داهاتوەوە دەستپێدەکات.



ڕیکلام