ژمارەی گیان لەدەستدان بەکۆرۆنا لە ئێران 70 هەزار کەسی تێپەڕاند

  2021-04-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان، لە ئێرانیش ئاماری تووشبوون و گیان لەدەستدان بەکۆرۆنا لەبەرزبوونەوەدایە و ئەمڕۆ ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کۆرۆناوە لەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، ٧٠ هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

وەزارەتی تەندروستی ئێران لە دواین راگەیەندراوی خۆیدا بڵاویکردەوە، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا ٢١ هەزار و ٢٦ کەسی دیکە لە سەرانسەری ئێران تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٧٣٤ کەسیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو ماوەیەدا ٤٩٦ تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستداوە و بەوەش ژمارەی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لەو وڵاتە گەیشتووەتە 70 هەزار و 70 کەس.

وەزارەتی تەندروستی ئێران راشیگەیاندووە، لە ئێستادا پێنج هەزار و ٢٤٤ تووشبووی کۆرۆنا لە بەشی چاودێری چڕدان و دۆخی تەندروستیان نەجێگیرە.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە ئێستادا ٣٠١ شار کە دۆخی سووری کۆرۆنایی دان و ٩٥ شار لە دۆخی پەمەیی و ٤٥ شار لە دۆخی زەرد و ٧ شاریش لە دۆخی شین دان.

بەگوێرەی ئاماری فەرمی وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، ٢ ملیۆن و ٤١٧ هەزار و ٢٣٠ کەس لە سەرانسەری ئێران تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش ٧٠ هەزار و ٧٠ کەسیان گیانیان لەدەستداوە و یەک ملیۆن و ٨٩٢ هەزار و ٢٢٩ نەخۆشیش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان تێپەڕاندووە.



ڕیکلام