دانەغاز: تاوەکو دوو ساڵی تر بەرهەمی گازی کێڵگەی کۆرمۆر بۆ 690 ملیۆن پێ سێجا بەرزدەبێتەوە

  2021-04-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمپانیای دانەغاز رایگەیاند، پڕۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی کۆرمۆر دەستیپێکردووەتەوە و تاوەکو نیسانی 2023 بەرهەمی گازی کێڵگەکە ٦٩٠ ملیۆن ملیۆن پێ سێجا بەرزدەکرێتەوە.

كۆمپانیای دانەغاز لەراگەیەنراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، لە نیسانی ساڵی ٢٠٢٣ بەرهەمهێنانی 440 ملیۆن پێ سێجای رۆژانەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر دەگاتە 690 ملیۆن پێ سێجا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "پرۆژەی فراوانکردنی KM250 پێویستی بە وەبەرهێنانی 600 ملیۆن دۆلاری دیکەیە بۆ زیادکردنی بەرهەمی رۆژانە بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا کە لە ئێستادا زۆر پێویستە بۆ وێستگەکانی کارەبا".

ئەوەش خراوەتەڕوو، پلانیان هەیە  لەدوو ساڵی داهاتودا بەرهەمی کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەڕێژەی 57% زیاد بکەن و تاوەکو ئێستاش بەبەهای دوو ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لەو کێڵگەیەدا کردووە.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی پرۆژەکەوە توانراوە رێگە لە بڵاوبوونەوەی 43 ملیۆن تۆن گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بگیرێت لەڕێگەی گۆڕینی سووتەمەنی شل بۆ گازی وشک.


پێشتر و ٢٠ی ئەم مانگە،  کۆمپانیای دانەغاز لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، لە ماوەی ئەمساڵدا بڕی ٥٣ ملیۆن دۆلاری وک شایستەدارایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و راشیگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی بەرهەمێنانی غاز بە رێژەی 9٪ زیادیکردووە.


ڕیکلام