فرۆكە جەنگیەكانی توركیا شوانێكیان شەهید كرد

  2020-06-18  | 
بۆردومانێکی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان
ئەرشیف
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی بۆردومانی فرۆكە جەنگیەكانی توركیا لە دەڤەری برادۆست شوانێك شەهیدبوو.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: كاتژمێر 11ی شەوی رابردوو فرۆكە جەنگیەكانی توركیا بۆردومانی كانی خومارە لە كوێستانەكانی كێلەشینیان لە سنوری دەڤەری برادۆست كردووە و بەهۆیەوە شوانێك شەهید بووە.

ناوبراو وتیشی، ئەو كەسەی شەهید بووە ناوی عەباس مەغدید، لە دایكبووی 1984 و دانیشتووی ناحیەی هەریری سەربەقەزای شەقڵاوەیە بۆ چاودێری مەڕو ماڵاتەكانی لەو ناوچەیە بووە.

ئەو روونیكردەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ تەرمی ئەو شوانە لەلایەن كەسوكاریەوە هێنراوەتەوە و دوای توێكاری لە پزیشكی دادوەری رادەستی كەسوكارەكەی كراوەتەوە.

ئەم بۆردومانە لە كاتێكدایە، لە ڕۆژی سێشەمەوە توركیا ئۆپراسیۆنێكی ئاسمانی بەناوی چنگی هەڵۆ دەستپێكرد و لە یەككاتدا چەندین شوێنی لە مەخمور و قەندیل و شنگال كردە ئامانج .

ڕۆژێك دواتریش، ئەو وڵاتە ئۆپراسیۆنێكی زەمینی بە ناوی چنگی هەڵۆ سەر گەریلاكانی پەكەكە دەستپێكرد و تا ئێٍستا شەڕ و روبەڕبوونەوە لە ناو خاكی هەرێمی كوردستان بەردەوامە.


ڕیکلام