بەهۆی کەمتەرخەمی دایک و باوکیان دوو منداڵی کورد لەناو ئۆتۆمبێلێکدا گیانیان لەدەستدا

  2020-06-18  | 
کرماشان
رۆژهەڵاتی کوردستان - کرماشان
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە یەکێک لە گوندەکانی پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو منداڵی کورد بەهۆی کەمتەرخەمی دایک و باوکیان، لەناو ئۆتۆمبێلێکدا گیانیان لەدەستدا.

میدیاکانی ئێران لەزاری محەمەد رەزا ئامویی جێگری فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای کرماشان بڵاویانکردووەتەوە، لەگوندێکی شارۆچکەی هەرسین-ی سەر بە پارێزگای کرماشان، کچێکی تەمەن سێ ساڵ بەناوی دڵنیا و کوڕێکی تەمەن چوار ساڵ بەناوی حسێن کە پورزای یەک بوون، بەهۆی کەمتەرخەمی دایک و باوکیان، لەناو ئۆتۆمبێلی یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەکەیان، گیانیان لەدەستداوە.

ناوبراو ڕووداوەکەی بەمشێوەیە باسکردووە کە، دڵنیا و حسێن بە مەبەستی یاریکردن دەچنەناو ئۆتۆمبێلەکەوە کە لەژێر تیشکی خۆردا راگیراوە، دوای ماوەیەک یاریکردن هەوڵی هاتنەدەرەوە دەدەن، بەڵام بەهۆی قفڵبوونی دەرگاکانی ئۆتۆمبێلەکە، هەوڵەکانیان بێ ئاکام دەمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای دوو کاتژمێر بنەماڵەی دڵنیا و حسێن هەست بە ونبوونی منداڵەکانیان دەکەن و گەڕان بەدوایاندا دەستپێدەکەن، دواتر دەبینن کە ئەو دوو منداڵە لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا لەهۆش خۆیانچوون.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە هەوڵ و تەقەلای بێ ئاکامی دڵنیا و حسێن بۆ دەربازبوونیان لە لایەک و گەرمای خۆر لەلایەکی دیکە، هۆکار بووە بۆ بێهۆشبوونی ئەو دوو منداڵە لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا.

جێگری فەرماندەی هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای کرماشان راشیگەیاندووە، دوای هێنانەدەرەوەیان لەناو ئۆتۆمبێلەکە و لەرێگای بردنیان بۆ نەخۆشخانە، دڵنیای تەمەن سێ ساڵ گیانی لەدەستداوە و دواتریش لە نەخۆشخانە حسێن-ی تەمەن چوار ساڵ گیانی لەدەستداوە.



ڕیکلام