عێراق.. بەهۆی ئاگرێکی گەورەوە ٣ هەزار هاوڵاتی مەدەنی لە ماڵەکانیان گوێزرانەوە

  2020-06-18  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرگری شارستانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە لە باخە خورماکانی پارێزگای کەربەلا ٣ هەزار هاوڵاتی مەدەنیان لە ٦٠٠ ماڵ گواستووەتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا بەرگری شارستانی عێراق بڵاویکردەوە، ئاگر ناوچەیەکی بەرفراوانی لە باخە خورماکانی کەربەلا سوتاندووە کە بە ٢٥٠ دۆنم مەزەندە دەکرێت، تیمەکانی بەرگری شارستانی ماوەی هەست کاتژمێری بەردەوام لە هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوون و لە پارێزگاکانی بابل و نەجەفەوە تیمی هاوکاری دیکەی بەرگری شارستانی هاوکارییان کردوون.

ئاماژەی بەوەشکراوە، تیمەکانی بەرگری شارستانی توانیویانە زیاتر لە ٣ هەزار کەس لە دانیشتوانی ناوچەکە  بگوازنەوە، چونکە ئاگر گەمارۆی ٦٠٠ خانووی ناوچەکەی داوە و توانراوە سەرجەم دانیشتوانەکەی لە مەترسی ئاگرەکە دووربخرێنەوە.

بەرگری شارستانی ڕوونیشیکردووەتەوە، ئاگرکەوتنەوەکە بووەتە  هۆی سوتاندنی کۆگایەکی خورما کە لە چینۆ دروستکرابوو، بایبەهێزی ناوچەکە هۆکاری سەرەکی بووە بۆ تەشەنەکردنی خێرای ئاگرەکە لە باخە خورماکان و لەوەڕگای ناوچەکە، کە لە ئێستادا زۆربەی گیایەکەی وشک بووە.

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوەشکراوە، دوای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتۆتەوە و دۆسیەیەکی تایبەتیش بۆ هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە تیایدا بەردەوامە.



ڕیکلام