پاسەوانی سنوری عێراق چوار بنکەی لە نزیک پارێزگای دهۆک دامەزراند

  2021-05-04  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان، سوپای عێراق لە نزیک بارەگاکانی سوپای تورکیا چوار بارەگای خۆی لە سنوری پارێزگا دهۆک دانا.

موقەدەم حەسەن جێگری فەوجی دووی لیوای چواری سوپای عێراق ڕایگەیاند، هێزەکانی پاسەوانی سنوری سەر بە سوپای عێراق، چوار بارەگای سەربازی لە سنوری پارێزگای دهۆک دامەزراندووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانج لە دانانی ئەو بارەگا سەربازیانە لە بەرامبەر هێزەکانی سوپای تورکیا، بۆ ئەوەیە کە چیتر سوپای تورکیا زیاتر نەیەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.

ئەو فەرماندەیەی سوپای عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە بارەگای ئەو هێزەیان لە سەری لوتکەی (حەمی) نزیک کۆمەڵگەی بیگۆڤایایە، کە دەکەوێتە راستی چای کیستە، بارەگای دووەمیشیان دەکەوێتە سەر چیای (بادوکێ) و سێهەمیان لە لوتکەی (مایێ)یە و چوارەمیشیان لە لە لوتکەی (بناڤ) دانراوە.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری تورکیا چەند بنکەیەکی سوپای وڵاتەکەی لە ناوخۆیی هەرێمی کوردستان بەسەر کردووە، دوای ئەو سەردانەی وەزیری بەرگری تورکیاش، حکومەتی عێراق نیگەرانی خۆی دەبڕی و بە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی وڵاتەکەی لە قەڵەمیدا.

دواتر وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە، ڕێکخەری کاروباری باڵیۆزخانەی تورکیای لە بەغدا بانگهێشتکردووە و ناڕەزایی نامەیەکی ڕادەستکردووە، سەبارەت بەوەی کە وەزیری بەرگری تورکیا بێ مۆڵەت و بی هیچ هەماهەنگییەکی حکومەتی عێراق هاتووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە.



ڕیکلام