سەرنج دەربارەی چیرۆکی درامای "گورگەکان"

  2021-05-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئیسماعیل سابیر

تێمای گشتی چیرۆکەکە لە دەوری کارەکتەرێک دەخولێتەوە کەم ئەم کارەکتەرە لە سەردەمی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی و(شۆڕشی کوردی)ـدا وەک جاش ڕۆڵی خراپیی بینیوە و ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژیێ و باندێکی دروست کردووە لە ئەوروپاوه‌ دەیاننێرێتەوە کوردستان تاوەکوو ئاسارێکی گەورە یان ڕوونترن بڵێین: (سامانێکی نیشتیمانیی بەنرخ) کە بەهاکەی بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێنرێت ئەمان بیبەنە دەرەوە، کێشەمان لە کاری پۆلیس نییە کە بە شێوە گشتییەکەی دەیەوێ هەندێک تاوانباری بچووک لە ساتەوەختێکی دیاریکراودا دەستگیر بکات. بەڵام ئەم درامایە لەڕێی بزوێنەری( سامانی نیشتیمانی) وەک ئۆبجێکتێکی گەورەی ئایدۆلۆژیا و ناسۆنالیزمی کلاسیک دەیەوێ کوێرانە عاتیفەمان جۆشبدات ئەویش بە فۆکس خستنەسەر ڕووی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان وەک هێزێکی ڕزگارکەر و نیزامی زەبەلاح بۆ پاراستنی ژیانی هه‌ریه‌كێكمان لە زوڵمی تاوانباران. دیارە من لێرەدا قسەم لەسەر ئەکتینگ و جووڵەی کارکتەرەکان بەتایبەتی نییە ئەوە بەجێ دێڵم بۆ خەڵکی تایبەتمەند کە لەسەری بوەستن، ئەوەی لێرەدا من مەبەستمە لەسەری بدوێم فریو و وەهمی گەورەی ئەم درامەیە کە سیناریستەکە لەسەر هێزە پۆلیسیەکان بارگاوی کردووە، دیارە لە دونیای نوێی هونەر و سینەمادا ئەم بینینە گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هاتووە هەروەکوو نووسەر و وەرگێڕ "پێشڕەو مه‌حه‌مەد" لە نامیلکەیەکدا دەربارەی فۆتۆگرافی دەنووسێت: (کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست فۆتۆگرافەران بۆ نووسینەوەی مێژووی وێنەیی مرۆڤ بەدوای پەراوێزەکاندا دەگەڕان، چیتر مێژووی (گەورە پیاوانیان) نەنووسییەوە، بکەری وێنەی فۆتۆگرافییەکانیان حەماڵێک، نانەواچییەک، دەستگێڕێک و هتر. بوون. ئەمانەش دەبوونە فیگەر و ڕووخساری گەورەی گێڕانەوە.) ئەمە بۆ دنیای ئەدەبیاتیش هەر ڕاستە، لە چیرۆکی نوێدا هێندە شتە سه‌تحی و سادەکانی ناو ژیان بوونەتە هەوێنی چیرۆک، هێندە بابەتە ئایدۆلۆژیی و گشتگیرەکان کە عەوام دەیبێنێ نه‌بووه‌ته‌ جێگای بینینی چیرۆکنووسان، بە دیوێکی تردا چیرۆکنووسان لە کێشەو ئارێشە خودییەکانی ناو ژیانی ڕۆژانەیاندا زاتیی و نزیک بوونەتەوە، ئەمەیان بۆ تەکنیکی سینەماش هەر ڕاستە چونکە زۆربەی جار بەشێک لەو فیلمانە لەو چیرۆک و ڕۆمانانە وەرگیراوه‌ کەوا بووه‌ته‌ جێگای بایەخی خوێنەر و ڕەخنەگران. لێرەدا دیارە ناوبردنی هێزەئەمنییەکان بە هێزی ڕزگارکەر و فریادڕەس مێژووییەکی درێژیی هەیە بەردەوام ئەو هێزانەی لە سەردەمی کۆڵۆنیالی و تۆقاندندا دەستیان بە هەر شوێنێکدا گرتبێ لەڕێی دارەدەستییەکانیانەوە خۆیان وەک هێزی ڕزگاری و ئازادیخواز وێنا کردووه، لەو ڕۆژانە ڤیدیۆیەکی کۆنی سەدام حسەین دیکتاتۆری پێشووی عێراقم بینی لە شوێنێکدا لەگەڵ چەند کوردێک دەدوێ و دەڵێ:( هەر کارێکی خراپ کە پۆلیس و ئاسایش ئەنجامی بدات، ئەوا پیاوانی پۆلیس و ئاسایش لێی بەرپرسیار نین چونکە پۆلیس کارێکی خراپ ناکات ئەگەر تێکدەرەکانی شاخ پێیان نەکەن. بۆیە پۆلیس ئەوە دەکات دەیەوێ لەو ڕێیە پارێزگاریتان لێ بکات) دیارە "بەختیار عەلی"ـیش لەم پرسەدا لە شوێنێک تەواو وردەبێتەوە و دەنووسێت:( هەموو ئەو هەوڵانەی کە لە ژێر بیانووی جیاوازدا بۆ جوانکردنی جەوهەری ئەم دەزگایانە دەدرێن، لە دواجاردا هیچ نین جگە لە هەوڵی بێسوود بۆ جوانکردنی ماشێنێکی گەورە کە جگە لە خوێن و ترس و گەمژەیی هیچی تر بۆ دونیا زیاد ناکات.) دیاره‌ به‌ دیوی به‌ختیار هه‌موو ئه‌م هه‌وڵه‌ به‌ جوان نیشاندانانه‌‌ ڕه‌نگه‌ به‌ره‌وه‌ جۆرێك له‌ فاشیستیشمان ببات. لێرەدا بۆ فراوانکردنی بابەتەکە گوزارەیەکی ڕۆڵان بارت بەپێویست دەزانم کاتی خۆی لە شوێنێکدا بارت نووسی بووی:( کامێرا کاتێک شتێکت نیشان دەدا بەڵام لە بنەڕەتدا دەیەوێ شتێکی ترت لێ بشارێتەوە) بۆیە ئەم درامایە کە بەمجۆرە جووڵەی هێزەئەمنییەکانمان نیشان دەدا بەڵام واقیعێکی گەورەتر هەیە لێمانی دەشارێتەوە و دەیەوێت نەیبینین و لەبیری کەین لە کات و ساتێکی دیاریکراو  کاتێك ترس بۆ دەسەڵات دروست ده‌بێت ئەمان چ ڕۆڵێک دەبینن بۆ لەناوبردنی ئازادیی تاک، هەر لە ڕفاندنی خه‌ڵكی ئازا و کوشتنی خۆپیشاندەر و ڕۆژنامەنووس لە باوەشی دایکیدا تا دەگات بە دەست بەسەرداگرتنی مۆبایل و کۆمپیوتەر و نامە نهێنی و مەسجەکانمان. لەو ڕۆژانە لەڕێی بەدواداچوونی پەرلەمانتارێکەوە ڤیدیۆیەکم بینی کە بارێکی قاچاغگواستنەوە چەند ئۆتۆمبێلێکی هێزە ئەمنییەکان پارێزگارییان لێ دەکرد و خۆیان گوتەنی ئۆپەراسیۆنەکەیان بەڕێوە دەبرد.

لە ڕاستیدا کێشەی گەورە ئەوەیە نووسەرانی ئێمە بە زۆرینەی کۆلەوارن، بەو مانایە نا کە ناخوێننەوە بەڵێ ڕەنگە هەندێکیان کتێبخانەی گەورەشیان هەبێ و جارجارەش بخوێننەوە بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئەم کتێبخانەیە و خوێندنەوەی کتێب ئیزافەیەکی وا گەورەی دروست نەکردووە لە دنیای ڕۆشنبیرییاندا، واتا لای ئەمان مەعریفە نەبووە بە ئەکتێک بۆ بەرزکردنەوەی ئایدیای(بەرزەمرۆڤ) یان بەشداری پێکردنی ئەو ئایدیایەیان لە گۆڕینی واقیع و ژیانی چەوساوەی ناو کۆمەڵگاکەیاندا. بەڵکو خوێندنەوەیان زیاتر پشتکردن بووە لە ئازادیی و خۆبردنە پێشەوەیەکی گەلۆرانە بووە بۆ سیستەمێكی كۆنزه‌رڤاتیف ئه‌مه‌ش لەپێناو ده‌ستكه‌وتنی چەند دراوێکدا. بۆیەش وەکچۆن کۆمەڵگای کوردی ڕۆژ بە ڕۆژ پڕ دەبێ له ڕۆژنامەنووسی سێبەر و دەرباری دیوەخان لە دنیای ڕۆشنبیریشدا هەمان تاس و حەمام درێژەی هەیە و دەبێ بەڵام ئەمجارە سیستەم لەڕێی فیلم و هونەرەوە واقیع دەشێوێنێ و تەنکەرە نەوتەکانمان بیر دەباتەوە و قاچاغچی سنوورەکانمان بە فیلمێکی چەواشەکارانەی وەک(بەختەباران) ده‌شێوێنێ كه‌وا چی ¬¬دەگوزەرێ لە سنوورەکاندا چۆن ناتوانرێ ده‌ستی بۆ ببردرێ. لەلایەکی تریشەوە ئەم سیستەمە نارسیستییە  وێنەیەکی دۆنکیشۆتانە و وەهمی بۆ هێزەکانی خۆی دروست كردووه‌ تا ڕاستەوخۆ بە دیوە بارتیەکەی ئەوانی تر کە هەموو جووڵە و وزەیەکی مەدەنییانه‌یان تێدایه‌ لەناو ببات خاڵێكی تر كه‌ لە یەک دوو شوێنی ئەم درامایەدا ئەوەندەی فۆکس خراوەتە سەر وێنەی پشتی ئەفسەرەکە کە لە شوێنێک وێنەی(سەرۆکی حکومەت)ـە لە شوێنێکی تر وێنەی(سەرۆکی هەرێم)ـە کە ده‌پرسین ئه‌م دووفاقییە بۆ وه‌ بۆچی له‌و كاته‌دا فۆکس زیاتر نەخراوەتە سەر کارەکتەر و جووڵەی کارەکتەرەکە لە ده‌می ئاكتدا؟ لە شوێنێکی تریش لەسەر تەباخ و دەستشۆرەکە جووڵە و ئاکتینگ هێندە سارد و لاوازە فۆکسی کامێرا لەسەر بەهاراتی ئالین کە سپۆنسەری دراماکەیە؛ وەک مانگی چواردە شەوق دەداتەوه‌!



ڕیکلام