تەندروستی سلێمانی: جۆرەکانى ڤاکسین لە هەرێم بە فلتەری زانستیدا تێپەڕیون و دانپێدانراون

  2021-05-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لە بابەتێکدا لەبارەی ئەو ڤاکسینانەی لە هەرێمن وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە، کە ئایا کامیان باشترینن و دەڵێت، "ئەو ڤاکسینانەی ئێستا لە کوردستان بەردەستن هەموویان بە فلتەری زانستیدا تێپەڕیون و بەپێی پێوەرە زانستییەکان کاریگەر و سوودبەخشن بۆ پاراستنی مرۆڤ لە توشبوون بە کۆرۆنا یان کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لەکاتی توشبووندا."

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بابەتێکی دکتۆر داهات حەوێزی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی هەناوی و شەکرەی بڵاوکردووەتەوە و باس لە جۆرەکانی ڤاکسین و کاریگەییەکانی دەکات و تیایدا دەڵێت کە ئەو جۆرانەی ڤاکسین لە هەرێمدا هەن، بە فلتەری زانستیدا تێپەڕیون و دانپێدانراون، دەشڵێت، ئەو دامەزراوە و کۆمپانیایانەش کە ڤاکسینەکانیان دروستکردووە پاشخانی زانستی بەهێزیان هەیە و متمانەپێکراون، بە تایبەت ئەو سیانەی ئێستا لە کوردستان و عێراق هەن کە بریتین لە (سینۆفارم، ئەسترازینیکا و فایزەر).

ئەوەش هاتووە، "هەریەک لەم سێ ڤاکسینە بە رێگایەکی جیاواز دروستکراوە و بەشێوەیەکی تایبەت هانی کۆئەندامی بەرگری دەدات دژەتەن و شێوازی دیکەی بەرگری لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستبکا."

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئاساییە هەرکەسێک دوای وەرگرتنی هەرکام لە ڤاکسینەکان توشی (لەرز و تا و ئازار) ببێ و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کەمتر لە (٤٨ کاتژمێر) دەخایەنێت"، دەشڵێت، ئەگەر ئەم نیشانانەت تێدا دەرکەوت، دەتوانیت ئازارشکێن بەکاربهێنیت.

ئەوەش خراوەتەڕوو، "دەرکەوتنی ئەم نیشانانە مانای ئەوە نییە کۆرۆنات گرتووە و دەیگوێزیتەوە بەڵکو کاردانەوەی کۆئەندامی بەرگرییە و نابێتە مەترسی بۆ کەسانی دەوروبەر"، دەشڵێت، "لە هەندێک باری زۆر دەگمەندا (رێژەی یەک لە ٢٠٠ هەزار) لەوانەیە لێکەوتەی نەخوازراوی قورستر دەربکەوێت وەکو مەیینی خوێن کە پێویست بە چارەسەر دەکات لە نەخۆشخانە."

لەبارەی وەرگرتنی ڤاکسینەکانەوە نووسراوە، ڤاکسینەکان بە دوو ژەم دەدرێن بە هاوڵاتی، کە نێوانیان چەند هەفتەیەک بۆ چەند مانگێکە و پێویستە هەردوو ژەمەکە وەربگیرێت تاوەکو باشترین ئاستی بەرگری پەیدا ببێت.

باس لەوەشکراوە، کە لەگەڵ وەرگرتنی ڤاکسینەکە دەستبەجێ بەرگری پەیدا نابێت و سێ هەفتەی دەوێت تاوەکو هەندێک بەرگری پەیدا دەبێت و پاش تێپەڕبوونی ماوەیەک دوای وەرگرتنی ژەمی دووەم ئینجا بەرزترین ئاستی بەرگری دەستپێدەکات.

دەشڵێت، نابێت لەگەڵ وەرگرتنی ژەمی یەکەم خەمساردی هەبێت لە ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی.

لە مانگی ئازاردا یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنا گەیشتە عێراق و پشکی هەرێمی کوردستانیشی تێدابوو، هاوکات، هەر کاتێ کاروانی ڤاکسین بگاتە عێراق بەشی هەرێمیشی لێدەدرێت و بەرپرسانی تەندروستیش داوا لە هاوڵاتیان ەکەن، کە دەستبکەن بە خۆکوتان بە ڤایرۆسەکە و باس لە کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی توشبوون بە کۆرۆنا دەکەن، ئەگەر بێت و رێژەیەکی زۆری هاوڵاتیان ڤاکینەکە وەربگرن.



ڕیکلام