وەزیری دارایی واژۆی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان کرد

  2021-05-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پاش هەشت ساڵ، وەزیری دارایی هەرێم واژۆی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان کرد.

وەزارەتی دارایی هەرێم لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاش هەشت ساڵ و لەپاش ساڵی ٢٠١٣ـەوە، ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم، واژۆی لەسەر بودجەی هەرێمی کوردستان کرد و ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا.

لە ٢١ی نیسانی ئەمساڵدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە کۆبوونەوەی خۆیدا، هێڵە گشتییەکانی رەشنووسی یەکەمی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی کوردستانیان بۆ ساڵی ٢٠٢١ بە ژمارە و داتای پێویست لە  بوارەکانی ( داهات، خەرجی، قەرز و پابەندییە داراییەکان و کورتهێنان ) خستەڕوو، بەڕەچاوکردنی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ کە رۆژی ١٢ی نیسانی ئەمساڵ لە رۆژنامەی فەرمی بڵاوکرایەوە، هەر لەو کاتەشدا بڕیاردرا، لە نزیکترین دەرفەتدا پڕۆژە یاساکە رەوانەی پەرلەمان بکرێت.

لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە حکومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی نەبووە و بودجە ئاشکرانەکراوە.




ڕیکلام