تەندروستی عێراق: 1870 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکران و 88 کەسی دیکەش گیانیان لەدەستداوە

  2020-06-20  | 
عێراق
تووشبووانی کۆرۆنا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی عێراق
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 1870 تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراون و 88 کەسی دیکەش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە .

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، لە راگەیەندراوی ئەمڕۆیدا دواین ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنای بڵاوکردەوە و راگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 10 هەزار و 22 پشكنین ئەنجامدراوە، بەوەش كۆی پشكنینەكان گەیشتووەتە 435 هەزار و 214 پشكنین .

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ماوەیەدا یەك هەزار و 870 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرتاسەری عێراق تۆماركراون کە 675 حاڵەتیان لە بەغدا، 77 حاڵەت لە نەجەف، 185 حاڵەت لە سلێمانی، 40 حاڵەت لە هەولێر،  3حاڵەت لە دهۆک، 100 حاڵەت لە کەربەلا، 58 حاڵەت لە کەرکوک، 63 حاڵەت لە دیالە، 146 حاڵەت لە واست، 81 حاڵەت لە دیوانە، 152 حاڵەت لە بەسڕە، 62 حاڵەت لە میسان، 54 حاڵەت لە بابل، 48 حاڵەت لە زیقار، 34 حاڵەت لە ئەنبار، 26 حاڵەت لە موسەنا، 10 حاڵەت لە نەینەوا و 56 حاڵەتیش لە پارێزگای سەڵاحەدین تۆمارکراون .

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا 88 کەسی دیکە لە عێراق گیانیان لەدەستداوە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون، هەروەک هەزار و شەش  نەخۆش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە .

وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق راشیگەیاند، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ،  29 هەزار و 222 کەس لە سەرتاسەری وڵات تووشی کۆرۆنا بوون کە لەو ژمارەیە هەزار و 13 کەس گیانیان لەدەستداوە، 13 هەزار و 211 نەخۆشیش چاکبوونەتەوە و لە ئێستاشدا 14 هەزار و 998 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە باری تەندروستی 247 کەسیان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.



ڕیکلام