نەتەوە یەکگرتووەکان: بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێم لە هەڵکشاندایە

  2021-05-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نەتەوە یەکگرتووەکان راپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە دەکات، کە بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لە هەرێمدا لە هەڵکشاندایە و دەڵێت، "ڕەخنەگرانی دەسەڵاتە گشتییەکان نەك تەنها دووچاری مەترسیی تۆقاندن و بەربەستخستنە بەردەم جووڵە و گرتنی هەڕەمەکی بوونەتەوە، بگرە هەندێکیان بە تۆمەتی ناوزڕاندنیش تۆمەتبارکراون."

نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتی ساڵانەیدا باس لە هەڵکشانی بەرگرتن لە ئازادی رادەربرین دەکات و نووسیویەتی، "بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ دەرچووە لەماوەی ساڵی رابردوودا بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستانی عیراقدا لە هەڵکشاندا بووە، ڕەخنەگرانی دەسەڵاتە گشتییەکان نەك تەنها دووچاری مەترسیی تۆقاندن و بەربەست خستنە بەردەم جوڵە و گرتنی هەڕەمەکی بوونەتەوە، بگرە هەندێکیان بە تۆمەتی ناوزڕاندنیش تۆمەتبارکراون، هەندێکیشیان لەم دوواییانەدا بەپێی یاساکانى پەیوەست بە ئاسایشى نەتەوەییەوە سزادراون . "

ئاماژە بەوەشکراوە، "ڕاپۆرتەکەی نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق/ یونامی چەندین شێوازی نیگەرانیکەری دۆکۆمێنت کردووە لە مانگی ئازاری ٢٠٢٠ بۆ نیسانی ٢٠٢١، کە تێبینی کراوە کەسانێك بەئامانج کراون بەهۆکاری پەیڕەوکرنی مافەکانیان لە رێپۆرتکردن یان ڕەخنەگرتن لە هەڵس و کەوتەکانى دەسەڵاتە گشتیەکان . "

لەو بارەیەشەوە، میشێل باشلێت کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ وتیوویەتی، "شێوازەکانی سەرکوتکرن کە لە ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دۆکۆمێنت کراون زۆر جێگای نیگەرانین، چونکە نەك تەنها تیشك دەخەنەسەر هەڕەشە و تۆقاندن لە ڕەخنەگران بگرە ئەم جۆرە ڕێکارانە کاریگەریەکی ترسناکیشی دەبێت بەسەر ئەوکەسانەی هەوڵی شەفافیەت و لێپیچینەوە دەدەن لە دەسەڵاتە حکومییەکان."

دەشڵێت، "لەگەڵ پێزانین بەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دووچاری گەڵێك دۆخی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بێهاوتا بۆتەوە، بەڵام دەرەنجامەکانی ئەم ڕاپۆرتەش جێگای نیگەرانین، بەتایبەتیش هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنیەکان و دەستبژێرکردن لە جێبەجێکردنی یاساکانداو پابەندنەبوون بە رێکارە یاساییە پەیوەستەکان و پێوەرە نێودەوڵەتیەکانی مافەکانی مرۆڤ . "

هاوکات، جینین بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ عێراق و بەرپرسی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق/ یونامی رایگەیانووە، " شەفافیەت و لێپێچینەوە و کرانەوە بۆ لێپرسینەوە بابەتێکی زیندووە بۆ هەر دیموکراسیەتێکی تەندروست."

لە راگەیاندراوەکەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئەوەش خراوەتەڕوو، ڕاپۆرتەکە و ڕاسپاردەکانی کە تێیدا هاتوون بەشێکن لە دیالۆگی بەردەوام لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی برەودان و لێپێچینەوە لە پێشێلکاریەکان و قەرەبووکردنەوەی قوربانیاکان، دەشڵێن، ڕاپۆرتەکە لە پێشدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بەشدارىپێکراوە وە لەپاشکۆکەشیدا وەڵامی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوپێچ کراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، راپۆرتەکە هانی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان دەدات کە هەنگاوی دەستبەجێ بگرنەبەر بەمەبەستی فەراهەمکردنی پاراستنی تەواوی مافی ئازادی ڕادەربڕین کۆتاییهێنان بە هەراسانکردن و ترساندن و تۆڵەسەندنەوە لە ڕۆژنامەنوسان و داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانان، داواش لە دەسەڵات دەکات، یاسای سزادان وەك ئەداتێك بەکارنەهێنن بۆ مەبەستی سنوردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین، لەنێویشیاندا دوورکەوتنەوە لە گرتن و دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی یاسایی ناڕەزایی و توڕەییەکانیان دەردەبڕن.

لە راگەیاندراوەکەی تایبەت بە راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوەشکراوە، پێویستە یاساکان هەمواربکرێنەوە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی ڕوون پێناسەی تەواوی خیتابی قەدەغەکراویان تێدا بکرێت، هەروەها پێویستە هەموو بەربەستەکانی بەردەم ئازادی ڕادەربڕین کە لەیاسا نیوخۆییەکاندا هاتوون گونجاوبن لەگەڵ پێوەرەکانی مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتیی پەیوەستدا .

دەتوانیت کلیک لێرە بکەیت بۆ خوێندنەوەی دەقی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان


ڕیکلام