پەرلەمانتارێکی عێراق هۆکاری نەناردنی پشکی هەرێم لە بودجەدا ئاشکرا دەکات

  2021-05-12  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆکاری نەناردنی پشکی هەرێم لە بودجەدا لەلایەن بەغداوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: جیاوازی ژمارەی مووچەخۆران و رادەستنەکردنی نەوت و ٥٠٪ی داهاتە نانەوتییەکان لەلایەن هەرێمەوە هۆکاری سەرەکین.

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، نەناردنی پشکی هەرێم لە بودجەدا لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی و دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران پەیوەستە بەو بڕگانەی بودجەوە کە تایبەتن بە هەرێمەوە و ناتوانرێت جێبەجێبکرێن.

ئاشکراشیکردووە، تاوەکو ئێستا هەرێمی کوردستان ئەو بڕە نەوتەی کە بۆی دیاریکراوە رۆژانە رادەستی حکومەتی فیدڕاڵی بکات لەگەڵ  ٥٠٪ی داهاتە نانەوتییەکانی، نەیکردووە و رەوانەی بەغدای نەکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەرچی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای مووچەی یەک ملیۆن و ٢٥٥ هەزار فەرمانبەر لە بەغدا دەکات، بەڵام حکومەتی فیدڕاڵی ژمارەی مووچەخۆرانی هەریمی تەنها بە ٦٨٢ هەزار مووچەخۆر دەستنیشانکردووە.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نەیشاردووەتەوە کە لەسەر ناردنی پشکی هەرێم لە بودجەدا، هەڵە و کەموکورتی لە هەردوولای حکومەتی فیدڕاڵی و هەرێمدا هەیە و رایگەیاندووە، باشترین رێگەچارە، پابەندبوونی هەردوولایە بە یاسای بودجە و جێبەجێکردنییەوە.



ڕیکلام