خانەوادەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر: هەڕەشە لە پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکە کراوە

  2020-06-20  | 
سلێمانى
نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ
تیشکۆ سدیق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
خانەوادەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لە سلێمانی رایانگەیاند، هەڕەشە لە پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکە کراوە، بۆیە داوا لە بەرپرسانی شارەکە و لایەنی پەیوەندیدار دەکەن، ئاسایشی نەخۆشخانەکە بپارێزن.

خانەوادەی د. ئازاد هەورامی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ لە نامەیەکدا بۆ ڕای گشتی بڵاویانکردووەتەوە، "دوای نزیکی پێنج مانگ کارکردنی بەردەوام لەنەخۆشخانەی ناوبراو و زیاتر لە ۱۹ کاتژمێر کاری رۆژانە، دوای بەجێهێشتنی خێزانێکی ناساغ و ۳ مناڵ بە (جەژن و نەورۆز و هەموو بۆنەکانەوە)، بەجێهێشتنی زیاتر لەهەر بەرپرسیاریەتییەکی تایبەت و خێزانیی بۆ بەرپرسیاری گشتی لەبەرامبەر شەش مانگ بە تەنها یەک موچە، لەجەنگ لەگەڵ دوژمنێک کە نایبینیت!، نازانیت چۆنە و کوا؟!، بەبێ چاوەڕێکردنی تەنها سوپاسێک، لەدوای بەجێهێشتنی زیاتر لەم هەموو بەرپرسیاریەتییە و نەبوونی یەک ڕۆژ ئیسراحەت تەنها لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکی سلێمانی و دەورووبەری، سەرەڕای هەمووی ئەمانە، ئێستا هەڕەشە لە دوکتۆر ئازاد و پزیشکان و کارمەندانی خۆبەخشی نەخۆشخانەکە دەکرێت و هەوڵی تێکدان و شکاندنی کەلوپەلەکانی نەخۆشخانەکە دەدرێت کە موڵکی گشتین".

خانەوادەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیر عەلی والی بەگ دەپرسن، "ئێستا خەڵک لەچی ڕازیە؟!، چی ئەوێت؟ ! ، ئەمەش خەتای حکومەتە؟."

ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ئێستادا بەبێ بەرامبەر و بەهەموو شێوەیەک  تووشبووانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکان خزمەت دەکرێن، بۆیە نابێت هاوڵاتیان بەمشێوەیە وەڵامی ماندوبوونی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بدەنەوە.

لە کۆتایی نامەکەیاندا خانەوادەی ئازاد هەورامی دەڵێن، داواکارین لە بەرپرسانی ئەم شارە و لایەنی پەیوەندیدار هەستن بەدابینکردنی ئاسایش و سێکیورێتی باش و چالاک، لەپێناو پاراستن و سەقامگیری ئاسایش و ئارامی ناوچەکە و کۆنتڕۆڵ کردنی زیاتری دۆخەکە .

بڵاوکردنەوەی ئەم نامەیە دوای ئەوەدێت کە ئەمڕۆ شەممە ٢٠ی٦ی٢٠٢٠، د. ئازاد هەورامی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید تاهیرعەلی والی بەگ بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، پاش گیان لەدەستدانی تووشبوویەکی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکە، لەلایەن کەسوکاری تووشبووەکەوە هەڕەشەی لێکراوە.



ڕیکلام