سوپای عێراق بۆ پاراستنی کەرکوک لە داعش ستراتیژیەتێکی نوێ دادەڕێژێت

  2021-05-19  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق ڕایگەیاند، ستراتیژیەکی نوێیان داڕشتووە، بۆ ڕێگریکردن لە گەڕانەوەی داعش بۆ دەوروبەری شاری کەرکوک، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی فران لە دژی ئەو ڕێکخراوە لە ناوچەکە.

تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند، بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی ئۆپراسیۆنەکەی دەوروبەری کەرکوک، توانراوە ٨ پیگە و حەشارگەی داعش و ٣ تونێل خاپور بکرێن و چەندین بۆمبی تەوقیتکراویش تەقینراونەتەوە و پوچەڵکراونەتەوە.

خەفاجی ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپراسیۆنەکە درێژەی هەیە، بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە دووبارە گەڕانەوەی چەکدارە پەڕاگەندەکانی داعش بۆ ناوچەکانی دەوروبەری کەرکوک و دوزخورماتوو گوندەکانی دەوروبەری.

ڕوونیشیکردەوە، لەمەودوا ستراتیژیەتیکی نوێ بۆ هێزە ئەمنییەکان و دابەشکردنیان دادەڕێژرێت، کە تەواو جیاواز دەبێت لە دۆخی پێشتر، بەشێوەیەک لە زۆربەی ناوچەکان تاوەر و کامێرای چاودێری جێگیر دەکرێت و پرۆسەی چاودێری ئاسمانی ئەنجام دەدرێت.

سەرباری ئەوەی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧دا تێکشکاندنی رێکخراوی داعشی ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا لەزۆربەی ناوچەکانی پارێزگای نەینەواو و کەرکوک و دیالە و بەغدا و چەند ناوچەیەکی دیکەی عێراق، کردەوە و هێرشی چەکداری ئەنجام دەدات.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا چەکدارانی داعش بەلای کەمەوە ٢٥ هێرشی خوێناویان لە دژی هاوڵاتیان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئەنجام داوە.

بە گوێرەی هەڵسەنگاندنێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ، هێشتا هێزە عێراقییەکان بێ هاوکاری سوپای هاوپەیمانان توانای ئەوەیان نییە بە زانیاری هەواڵگری پێویست بگەن و بەشێوەیەکی پێویستی بەکاری بهێنن، تا بتوانن بە تەنها هێرشە ئاسمانییەکان بۆسەر چەکدارانی داعش ئەنجام بدەن.



ڕیکلام