وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق رایگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا دوو هەزار و 200 حاڵەتی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 لە سەرتاسەری وڵات تۆمارکراون و 79 کەسیش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش بەرزترین ئاماری رۆژانەی تووشبووانی کۆرۆنایە، کە تا ئەمڕۆ لە عێراق تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، لە راگەیەندراوی ئەمڕۆیدا دواین ئامارەكانی تووشبوون بە كۆرۆنای بڵاوکردەوە و راگەیاند، لە 24 کاتژمێری رابردوودا 11 هەزار و 445 پشكنین ئەنجامدراوە، بەوەش كۆی پشكنینەكان گەیشتووەتە 477 هەزار و 433 پشكنین .
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو ماوەیەدا دوو هەزار و 200 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرتاسەری عێراق تۆماركراون کە 556 حاڵەتیان لە بەغدا، 96 حاڵەت لە نەجەف، 229 حاڵەت لە سلێمانی، 70 حاڵەت لە هەولێر، 55 حاڵەت لە کەربەلا، 123 حاڵەت لە کەرکوک، 89 حاڵەت لە دیالە، 189 حاڵەت لە واست، 81 حاڵەت لە دیوانە، 242 حاڵەت لە بەسڕە، 136 حاڵەت لە میسان، 86 حاڵەت لە بابل، 136 حاڵەت لە زیقار، 14 حاڵەت لە ئەنبار، 30 حاڵەت لە موسەنا، 40 حاڵەت لە نەینەوا و 28 حاڵەتیش لە پارێزگای سەڵاحەدین تۆمارکراون .
ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا 79 کەسی دیکە لە عێراق گیانیان لەدەستداوە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون، هەروەک هەزار و 61 نەخۆش بەتەواوەتی چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە .
وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق راشیگەیاند، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا تاوەکو ئەمڕۆ، 36 هەزار و 702 کەس لە سەرتاسەری وڵات تووشی کۆرۆنا بوون کە لەو ژمارەیە هەزار و 330 کەس گیانیان لەدەستداوە، 16 هەزار و 814 نەخۆشیش چاکبوونەتەوە و لە ئێستاشدا 18 هەزار و 558 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە باری تەندروستی 281 کەسیان ناجێگیرە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدان.