كەجەكە: دەوڵەتی توركیا دەیەوێت یەكێتیش هەمان سیاسەتی پارتی بەرامبەرمان پەیڕەو بكات

  2020-06-26  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكایەتی كەجەكە رایگەیاند، دەوڵەتی توركیا دەیەوێت یەكێتیش هەمان سیاسەتی پارتی بەرامبەرمان پەیڕەو بكات و دڵنیایش دەدات لەوەی كە لەگەڵ یەكێتی روبەڕوی یەكدی نابنەوە.

هاوسەرۆكایەتیی كۆنسەی بەڕێوەبەریی كۆماجڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەبارەی هێرشەكەی دوێنێی كونەماسی و پەیوەندیەكانیان لەگەڵ یەكێتی رایگەیاند: توركیا هێرش دەكاتە سەر هەر هێزێكی سیاسی وڵات و گەلەكەمان، كە سەریان لەبەری دانانەوێنن. 

كەجەكە لەو پەیامەیدا لەبارەی هێرشەكەی كونەماسیەوە دەڵێت، سلێمانی یەكێكە لەو شارانەی كە لە سەرەتاوە تا ئێستا بەردەوام شوێنی وڵاتپارێزان و ڕووناكبیران بووە، بۆیە دەوڵەتی توركیا بە دیاریكراوی هێرش دەكاتە سەر ڕابردوو و ئیستا و داهاتووی ئەو شارە.  

كەجەكە لە پەیامەكەیدا باسی لە رۆڵی دۆستانەی مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەدی كردووە و دەڵێت "مام جەلال و ئیبراهیم ئەحمەد پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ بزوتنەوەكەمان هەبوو، ئەو پەیوەندیەشیان بۆ نێو شاری سلێمانی گواستبوویەوە و ئەنجامی ئەوەش لەو شارە و باشوری كوردستان بەگشتیی خۆشەویستییەك بۆ پەكەكە و ڕێبەر ئاپۆ ئافڕێنرا". 

ئەوەشی وتووە دەزانن كە توركیا گوشار لە پارت و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی بیانكات بەگژ پەكەكەدا "ئەو گوشارەش بە تایبەتی لە (پدك و ینك) دەكرێت". 

كەجەكە رایگەیاندووە "دەوڵەتی تورك هەمیشە ڕایدەگەیەنیت 'بە سیاسەتی پدك شادمانە' و دەیەوێت یەكێتیش هەمان سیاسەتی پارتی پەیڕەو بكات، ئەو هێرشەی سەر سلێمانیش بەهەمان ئامانجە و دەیەویت یەكێتی دەستەمۆبكات و دژی پەكەكە بەكاری بهێنیت".

هۆشداریشیداوە لەوەی كە لەمەودوا توركیا هێرشەكانی بۆ سنوری نزیك لە سلێمانی زیاتر دەكات و ئەگەر گەل و لایەنەكان لە دژی ئەو هێرشانە وەخۆ نەكەون و ئەوا هێرشەكان فراوانتر دەبن.

ڕاشیدەگەیەنێت "ڕاستە پەكەكە و یەنەكە دوو پارتی جودان، هەر كاتێك پێویست بكات ڕەخنەشی لێدەگرین، بەڵام پێداگیرین كە گوشار و هێرشەكانی ڕژێمی توركیا ناتوانن یەكێتی و پەكەكە ڕوبەڕووی یەكدی بكەنەوە". 

وەك پشتیوانی پەیمەكەشیان باسیان لە قسەكانی وەزیری دەرەوەی توركیا كردووە كە لە كاتی خۆیدا لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی لەڕێگای تویتێكەوە وەڵامی دایەوە وتی سلێمانی پشتیوانی كوردایەتیە. لەو بارەیەوە دەڵێت "چاوشئۆڵو چیدەكات با بیكات، بەڵام هەرگیز ناتوانێت كوردان بدات بە گژی یەكدیدا و خەڵكی سلێمانی و گەلی كورد بەرەنگاری ئامانج و پیلانەكانە داگیركاریەكان دەبنەوە" 


ڕیکلام