کەرکوک.. بەهۆی هەڕەشەوە بەشێک لەدامەزراوە حکومیەکان ڕێکاری نوێیان گرتەبەر

  2021-05-30  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
لەبەر ڕۆشنایی بڵاوبونەوەی بروسکەیەک کەلەلایەن بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی کەرکوکەوە ئاڕاستەی بەشێک لە دامەزراوە حکومییەکانی شارەکە کراوە، هۆشداری دراوە لەبەر بوونی هەڕەشە و مەترسی داواکراوە ڕێکاری پێویست تیایاندا بگیرێتە بەر.

لێپرسراوێکی باڵای ئەمنی لە پۆلیسی شاری کەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ بەڕێوبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک دەوامی فەرمی تێدا ڕاگیراو  دەرگای فەرمانگەکە داخرا .

دوای ئەویش  ئیدارەی کۆمپانیای نەوتی باکور ڕێکاری نوێی گرتۆتە بەرو داوای لەفەرمانبەران وکارمەندانی کردووە، لەکاتی دەوام پێچەوانەی پێشوو هیچ ئۆتۆمبیلێکی شەخسی نەبرێتە نێو کۆمپانیاکەوە و بڕیارەکەشی لەسبەی دووشەمەوە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە تاکاتێکی نادیار، ئەمەش لەکاتێکدایە هەزاران فەرمانبەر لەو دامەزراوەیە دەوام دەکەن.

ئەو سەرچاوە ئەمنییە وتیشی لەپاڵ ئەم دوو دامەزراوەیە هەڕەشە لەسەر بەڕێوبەرایەتی پۆلیس وماڵی فەرماندەی پۆلیس وبەندیخانەی تەسفیرات کە ٩٠٠ زیندانی لەخۆ گرتووە و٤٠٠ یان چەکداری ترسناکی داعشن هەیە ..

ئەمڕۆش پاڵپشت بەو زانیاریە هەواڵگریانە بۆ چەن کاتژمێرێکی کەم بەشێک لە مەفرەزەکانی پۆلیس لەبەشێک لەشەقامەکان جێگیربوون ودواتر کشانەوە ..



ڕیکلام