کازمی: عێراقمان لە مەترسی جەنگ دوورخستووەتەوە

  2021-06-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، چەندین هەنگاوی گرنگیان ناوە بە ئاراستەی چاکسازی و مەترسی جەنگیشیان لە عێراق دوورخستووەتەوە.

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆکە وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە میانی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیراندا کازمی ڕایگەیاندووە، سەرباری کەموکوڕی قورسایی زۆر لەسەر حکومەت، بەڵام هەنگاوی گرنگیان ناوە بە ئاراستەی چاکسازی و ڕزگارکردنی وڵات لە ڕووی ئابوری و داراییەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتەکەی لە هەوڵی بەردەوامدایە، لە ڕێگەی پلان و ستراتیژی گونجاوەوە، وڵات بخاتەوە سەر ڕێگەی راستی خۆی.

بە گوێرەی بەیاننامەکە کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، گەلی عێراق ماوەیەکی زۆر گیرۆدەی گەندەڵکاران و بازرگانەکانی دروشمبازی ببوو، کە هیچ ویژدانێکیان نەبووە، بەڵام ئەمڕۆ بە شەفافیەت ئەوەی ئەنجام دراوە دەخرێتە بەردەمی هەموان و ئەوەشی کە نەکراوە ئاشکرایە.

جەختیشیکردەوە، ئەوان بە ئاراستەی خزمەتکردنی عێراق و عێراقییەکان کاردەکەن، کە شایانی باشترینن.

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیکردووەتەوە، سەرکەوتوو بوون لە دوورخستنەوەی مەترسی جەنگ لەسەر عێراق، کاریانکردووە لەسەر پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی ناوخۆیی هاوسەنگ و بنیاتنانی پەیوەندییەکانی کاریگەر و هاوسەنگ لەگەڵ سەرجەم هاوسێکان و هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە جیاجیاکان.

لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیش سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، توانیوانە دەیان دۆسیەی گەندەڵی لەسەر گەندەڵکاران بکەنەوە و دەیان گەندەڵکاری گەورە ئاشکرا بکەن و دەستگیریان بکەن و بدرێنە دادگا.

هەر بە گوێرەی بەیاننامەکە کازمی ئاشکرایکردووە، حکومەت کار دەکات لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتیمانی بۆ دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر هاوڵاتیان و کەسانی شایستەدا، ماوەی چەند مانگێکە کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکرێت، پرۆسەکە پشت بە پێوەری دادپەروەرانەی ڕوون دەبەستێت، بۆ ئەوەی ڕێگریش بکرێت لە هەموو یارپێکردنێکی ئەو دۆسییە، بەشێوەیەکی ئەلکترۆنی دابەش دەکرێت، بۆ ئەوەی مافی کەسانی شیاو نەفەوتێت



ڕیکلام