تەندروستی عێراق: هاوڵاتی دەتوانێت ڕێگری بكات لە شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا

  2020-06-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، هێشتا عێراق لە قۆناغی شەپۆلی یەكەمی كۆرۆنادایە و هۆشداری ئەوەشی دا ئەگەر هاوڵاتیان پابەندی رێنماییەكان نەبن دەچنە شەپۆلی دووەمەوە .

حازم جومەیلی بریكاری وەزارەتی تەندروستی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشتیمانی عێراق ڕایگەیاند "هێشتا عێراق لە شەپۆلی یەكەمی فایرۆسی كۆرۆنادایە، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان چوونە ناو ئەم شەپۆلەوە، بەڵام بەهۆی ئەو ڕێوشوێنانەی كە لەلایەن حكومەت و ناوەندە تەندروستییەكانەوە گیرایە بەر ئەو شەپۆلە درەنگ گەیشتە عێراق .

ئاماژەی بەوەشكرد، ڤایرۆسی كۆرۆنا دەگۆڕێت و جێگیرنییە، بەشێوەیەك هێشتا هەندێك بابەت هەیە شاراوەیە .

لە بەشێكی تری وتەكانیدا بریكاری وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕوونیكردەوە، هۆشداری رێكخراوی تەندروستی جیهانی لە مەترسی چوونە ناوەوەی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا، پشتی بە توێژینەوە و بنەمای زانستی بەستووە، بۆیە نابێت هیچ نەرمییەك  بنوێنرێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە، چونكە مەترسی ئەوە هەیە وڵات تووشی شەپۆلی دووەمی كۆرۆنا ببێت .

جەختیشیكردەوە بەشێكی گەورەی لێپرسراوێتییەكە دەكەوێتە سەر ئەستۆی هاوڵاتی كە دەتوانێت ڕێگری بكات لە بڵابوونەوەی پەتاكە، ئەویش بە پابەندبوونی بە ڕنیماییە تەندروستی و ئەمنییەكان و بەشداری نەكردن لە كۆڕو كۆبوونەوە و شوێنە قەرەباڵغەكان .

  



ڕیکلام