ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق و هەرێم خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

  2021-06-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقی رایگەیاند، دوای هێرشەکانی شەوی رابردووی سەر بنکەی ئاسمانی بەلەد و سەربازگەی ڤیکتۆریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە .

ئەمڕۆ پێنجشەممە، میدیاجیهانییەکان لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراقییەوە باسیان لەوەکردووە، هێزەکانی ئەمریکا پێشبینیی هێرشی موشەکی بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی لە عێراق دەکەن، تایبەت بەو بابەتەش زانیاری تەواو لەبەردەستدایە.

بەگوێرەی وتەکانی ئەو سەرچاوەیە، حاڵەتی ئامادەباشی هێزەکانی ئەمریکا تەنها باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بنکەی عەین ئەسەد ناگرێتەوە، بەڵکو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. 

شەوی رابردوو، هێرشی موشەکی کرایەسەر بنکەی ئاسمانی بەلەد لە پارێزگای سەڵاحەدین و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا سێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشیانکردە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و یەکێک لە فڕۆکەکانیش خرایەخوارەوە. 

ئەوەش لەکاتێکدایە، بنکە و بارەگە سەربازیی و دیپلۆماسییە بیانییەکان لەعێراق بەتایبەتی ئەمریکا بۆ چەندەمین جارە روبەڕوی هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەبنەوە، لەوەڵامی هێرشەکانیشدا ئەمریکا گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەکان تۆمەتبارکردووە. 



ڕیکلام