"سستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی بەهۆی رێگری سیاسییەوەیە"

  2021-06-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، هەموو ٢٥ی مانگێک مووچەی فەرمانبەران دابەشدەکرێت و کێشەی دواکەوتنی مووچە هاوشێوەی مانگی رابردوو دووبارە نابێتەوە .

عومەر گوڵپی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی وەزیری دارایی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی سستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازییەوە بووە، ئاوات شێخ جەناب بە پەرلەمانتارانی وتووە، سستی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی بەهۆی رێگری سیاسییەوەیە .

عومەر گوڵپی هەروەها دەڵێ، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا سێ خاڵ لە قسەکانی وەزیری دارایی تێگەیشتووین، یەکەم ئەوەیە کە تاوەکو چاکسازیی ریشەیی لە سەرچاوەکانی داهات نەکرێت دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان وەکو ئیستا دەمێنێتەوە، دووەم، هەموو ٢٥ی مانگێک دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و تاوەکو ٣٠ مانگ مووچەی هەموو وەزارەتەکان دابەشدەکرێت، سێیەم، رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ رێککەوتنێکی سیاسییە، بۆ جێبەجێکردن واژۆ نەکراوە .

سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشکرد، ئاوات شێخ جەناب وتوویەتی، پرۆژەیاسای بودجە ئامادەیە بەڵام چاوەڕێن بزانن رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حوکەمتی عێراق بە کوێ دەگات .



ڕیکلام