ئینستتیوتی پەی: سەرۆكی پەرلەمان لە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران پەشیمان بووەتەوە

  2020-06-29  | 
سەرۆكی پەرلەمان: چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی لە وەقایع دەكەم بۆ جێبەجێكردنی
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكی پەرلەمان: چاوەڕوانی بڵاوكردنەوەی لە وەقایع دەكەم بۆ جێبەجێكردنی

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، رایگەیاند، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە بڕیارەكەی خۆی پەشیمان بووەتەوە كە بۆ گێڕانەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەر دەریكردبوو، سەرۆكی پەرلەمانیش رەتیدەكاتەوە پەشیمان بووبێتەوە.

ئینستتیوتی پەی لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی بەردەست كەوتوون سەرۆكی پەرلەمان لە بنەماوە باوەڕی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری ژمارە چواری پەرلەمان نەبووە، لەبەر ئەوەی كە سەرۆكی دیوانی پەرلەمان نوسراوی ئاراستەی پەرلەمانتار سۆران عومەر كردووە، هاوپێچی نوسراوی دادگا و پۆلیسی و لەگەڵدایە و داوادەكات ناوبراو وەك تۆمەتبارێك لە بنكەی پۆلیس ئامادە بێت.

ئەو پەیمانگایە كە زۆرتر كار لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن و كاری پەرلەمان دەكات دەشڵێت سەرۆكی پەرلەمان هەر بۆیە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەكەی لە وەقاییعی كوردستان بڵاوینەكردۆتەوە "لەكاتێكدا ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان رێزی نوسراوەكەی خۆی بگرتایەو كاری پێ بكردایە دەبووایە هەر لەڕێگەی دیوانی پەرلەمانەوە لەبری ئەوەی نوسراوی ئاگاداركردنەوەی پۆلیس بۆ سۆران عومەر بنێرێت، نوسراوی بۆ دادگا بكردایە و رایبگەیاندایە كە ناوبراو ئامادەنابێ بەپێی بڕیاری بەڕێزیان پارێزبەندی بۆ گەڕاوەتەوە".

پەی رەخنەی لە سەرۆكی پەرلەمان گرتووە و دەڵێت "سەرۆكی پەرلەمان لە یارییەكی نایاسایی و ناسیاسیدا، بەڕێگەی نایاسایی هاوكار بوو كە پارێزبەندی لەسەر سۆران عومەر لابرێت، لەلایەكی ترەوە بەناوی شكۆی پەرلەمانەوە دوو مانگ پەرلەمانیشی پەكخست، دواتر نوسراوێكی دەركرد و ناوی نا گێڕانەوەی پارێزبەندی بۆ سۆران عومەر و وەك دەسكەوتێك بۆخۆی بەكاری هێنا! كەچی تازە دەچێتەوە سەر ئەو خاڵەی كە لە (7-5-2020) پارێزبەندی هەڵگیراوەو لەرێگەی سەرۆكی دیوانەوە پاڵپشت بەو بڕیارەی بەنایاسایی ناوی دەبرد داوادەكات سۆران عومەر وەك تۆمەتبار لەبنكەی پۆلیس ئامادەبێت".

لەبەرامبەردا لەناو هۆڵی پەرلەمان لە دانیشتنی ئەمڕۆیدا رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: هەرچەندە پێم ناخۆشە ئەو بابەتە لە دانیشتنی پەرلەمان باسی لێوە بكەم، بەڵام ئەو بڕیارەم ناردووە بۆ رۆژنامەی وەقایع هەر كاتێك بڵاوبوویەوە جێبەجێ دەبێت و نوسراو ئاراستەی سەرجەم دادگاكانی كوردستان دەكرێت.





ڕیکلام