ڕێبوار کەریم بۆ ژیان: بەغدا ڕازیبووە مانگانە 200 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بکات

  2021-06-15  | 
 گۆران عەبدوڵا
ڕێبوار کەریم مەحمود پەرلەمانتاری عێراق لە هاوپەیمانی هیوا بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە مانگانە بڕی ٢٠٠ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، لە سەرەتای ساڵیشەو حساب دەکرێت.

ئەوپەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ناردنی ئەو بڕە پارەیە مەرجی ئەوەی لەگەڵدایە کە دیوانی چاودێری دارایی وردبینی داتاکانی نەوتی نا نەوتی بکات، بە تایبەتیش گومرک.

ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆسەی وردبینکردنە بەردەوام دەبێت و بۆ تەنها یەک جار نابێت.

ئەو پەرلەمانتارەی هاوپەیمانی هیوا ڕوونیشیکردەوە، یەکێک لە مەرجەکانی تری ناردنی پارەکە ئەوەیە، کە دەبێت تەنها بۆ موچەی فەرمانبەران خەرج بکرێت و بەو پێیەش بێت دەبێت لێبڕینی موچە نەمینێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەندا مانگی ڕابردوودا و دوای پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی، شاندنی باڵای هەرێمی کوردستان دەیان جار چوونە بەغدا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و هەوڵدان بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بەو پێیەی کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا ئاماژەی پێکراوە.

بە گوێرەی مادەی ١١ی یاسای بودجەی فیدراڵی، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە داهاتی نا نەوتی داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەش بدانە عێراق و ڕێگا بدات بە بەغدا وردبینی داتاکانی لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکات.



ڕیکلام