ئێران: دەربارەی هێرشەکانی سەر کوردستان لەگەڵ لێپرسراوانی عێراق لە پەیوەندیدا بووین

  2020-06-29  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان

وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد، وڵاتەكەی لە پەیوەندیدایە لەگەڵ لێپرسراوە عێراقییەكان سەبارەت بە هێرشەكانی بۆسەر ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان .

عەباس موسەوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێراق ڕایگەیاند "ئێران لە پەیوەندیدایە لەگەڵ لێپرسراوە عێراقییەكان لەو بوارە و ئەوانیش ئاگاداری چالاكییەكانی ئێرانن بەرامبەر گروپە تیرۆریستییە ناسراوەكانی ناوچەكە ".

دەەربارەی هێرسەكانی ئێران و توركیاش پێكەوە، موسەوی وتی "پێدەچێت ڕككەوت بێت كە هەردووكیان پێكەوە هێرشەكانیان ئەنجامداوە، بەڵام بە هەر حاڵ سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە سورە لەسەر بەپەرچدانەوەی تیرۆر ".

لە بەشێكی تری وتەكانیدا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد، بابەتی پیِوازیكردنی سەرانی نەیارانی ئەوان لەلایەن دەوڵەتانی ئەوروپاوە، یەكێكە لە بابەتە سەرەكییەكان كە لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا باسی دەكەن و هۆشیداریشیان داونەتێ سەبارەت بە پێشوازیكردن لەو كەسانە، كە بە "تیرۆریست" ناویبردوون .

دەربارەی سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی مسەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بۆ ئێران، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی "تاران پێشوازی دەكات لە سەردانی هەر بەرپرسێكی وڵاتانی هاوسێ ودۆست ".

ئەو وتانەی وتەبیّژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە كاتێكدایە، هەفتەی رابردوو هاوكات لەگەڵ هێرش و بۆردومانەكانی توركیا، ئێرانیش لە سنوری خۆیەوە ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانی تۆپباران كرد و ترس و دڵەراوكێیەكی زۆری بۆ دانیشتوانی ئەو ناوچە دروستكرد و لە هەندێك شوێن خەڵك ناچار بوو شوێن وماڵ وحاڵی خۆیان جێبهێڵن .



ڕیکلام