لیژنەیەكی پەرلەمانی عێراق داوای داخستنی دەروازە سنورییە فەرمی و نافرمییەكانی هەرێم دەكات

  2020-06-29  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی عێراق داوایكرد دەروازە سنورییە فەرمی ونافەرمییەكانی هەرێمی كوردستان دابخرێن، چونكە داهاتەكانی ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵی .

سەلام شمەری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هەواڵی نیشیتیمانی عێراقی ڕاگەیاندووە، لیژنەكەیان داوایەكی فەرمی ئاراستەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی كردووەن هەنگاوی یەكلاكەرەوە بنێت بۆ چارەسەركردنی دۆسیەی دەروازە سنورییەكان .

ئاماژەی بەوەشكردووە، چەندین دەروازەی نافەرمی هەن لە هەرێمی كوردستان كە حكومەتی فیدراڵی كۆنترۆڵی نییە بەسەریاندا و داهاتەكانیشیان ناگەڕێتەوە بۆ حكومەتی فیدراڵی .

وتووشییەتی " داوامانكردووە دەروازە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان دابخرێن چونكە لەژێر كۆنترۆڵی حكومەتی فیدراڵیدا نین ".

لە بەشێكی تری وتەكانیدا سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری جەختیكردووەتەوە، یەكلاكردنەوەی دۆسیەی دەروازە سنورییەكان و كۆنترۆڵكردنی لەلایەن حكومەتی فیدراڵییەوە، بابەتێكە پەیوەندیی هەیە بە ئاسایشیی خۆراكەوە .

ئەو وتانەی ئەو پەرلەمانتارە لە كاتێكدایە، پێشتر مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیكردەوە، بەهۆی دەروازە سنورییەكانەوە ساڵانە عێرا ق بە ملیارەها دۆلار زیانی بەردەكەوێت، گروپ و كەسانی ڕێگر و كەسانی خاوەن هەژموون هەن لە هەندێك كاتدا كۆنترۆڵی دەروازە سنورییەكان دەكەن لەسەر حسابی دەوڵەت، بۆیە بەم نزیكانە هەڵمەتێك دەستپێدەكەن بۆ گێڕانەوەی شكۆ بۆ دەروازە سنورییەكان و دژایەتی ئەو کەسانە کە ئەو بە "خێو" ناوی بردوون.

سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختیكردبووە، داهاتەكان موڵكی گەلی عێراقە نەك خاوەن هەژموون و ئەوانەی خاوەنی چەكن، كە ئیرادەی خۆیان سەپاندووە بەسەر بەرژەوەندیی گشتیدا .



ڕیکلام