بەغدا بەشە کارەبای شاری کەرکوکی لەتۆڕی نیشتیمانی زیادکرد

  2021-06-21  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای تازە لەباشوری کەرکوک، ماوەی دوو هەفتەیە بەشێوەی پلەبەندی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتیمانی لەپارێزگای کەرکوک ڕوی لەزیادبوون کردووە.

غەسان ڕەزوانی لێپرسراوی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی دابەش کردنی کارەبای کەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، کۆمپانیای جێبەجێکاری نۆژەنکردنەوەی وێستگەی تازە، کۆمپانیای سێمنزی ئەڵمانیە، پاش لەکارکەوتنی بۆ ماوەی دووساڵ، ماوەی چەند مانگێک بوو کاریان لەنۆژەنکردنەوەی وێستگەی ناوبراو دەکرد.

ئاشکراشی کرد پاش خستنەوەگەڕی ئەو وێستگەیە کە بڕی ٢٥٠ مێگاوات کارەبا دەبەخشێتە تۆڕی کارەبای نیشتیمانی، ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر باشبوونی کارەبا لەکەرکوک هەبووە ولە ئێستادا ڕۆژانە ١٧ کاتژمێر کارەبا بەهاوڵاتیانی شارەکە دەدەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر گەڕەکێکیش کێشەی کەمی کارەبای هەبێت ئەوە گرفت لەموحاویلەکان هەیە، چونکە توانای لەخۆ گرتنی وزەی زیاتریان نییە.

جەختیشیکردەوە، بەغدا بەشە کارەبای کەرکوکی لە ٤٥٠ مێگاواتەوە بەرزکردووەتەوە بۆ ٧٥٠ مێگاوات، ئەوەش بۆتە هۆکاری زیاد بوونی کاتژمێرەکانی کارەبا لەکەرکوک.

وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای تازە یەکێکە لەوێستگە بەرهەمهێنەکانی کەرکوک ودەکەوێتە باشوری ڕۆژئاوای پارێزگاکە، لەئێستادا ڕۆژانە بڕی ٢٥٠ مێگاوات کارەبا دەبەخشێتە تۆڕی نیشیمانی پاشان لە کۆی گشتی بەرهەمی کارەبای عێڕاق بەشە کارەبای کەرکوکیش دەدرێت .



ڕیکلام