حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن و لەسەر چی ڕێککەوتن واژۆ دەکەن؟

  2020-07-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شاندی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان و عێراق نزیکبوونەتەوە لە واژۆکردنی رێککەوتن لەبارەی نەوت و بودجە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (تۆڕی هەواڵی ژیان) کەوتوون، شاندی هەرێمی کوردستان لە دواین کۆبوونەوەی چەند رۆژی رابردووی یان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رێککەتوون هەرێمی کوردستان رۆژانە 600 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بۆ حکومەتی ناوەند بێت، داهاتی 350 هەزار بەرمیلش بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێت ، لە بەرامبەردا بەغدا مانگانە 600 بۆ 650 ملیار دینار بۆ هەولێر دەنێرێت، داهاتی ناوخۆ و دەروازە سنوورییەکانیش رێژی 50٪  ی بگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەتی فیدراڵی .
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی شاندنی دانوستانکاری هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێم  مەسروور بارزانی ، جەختی لەوەکردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراوبێت.
تۆڕی هەوڵی ژیان زانیویەتی شاندی هەرێمی کوردستان بەمنزیکانە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و رێککەوتن واژۆ دەکەن.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەیی دەربڕیوە بۆ رادەستکردنی داهاتی نەوت و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، تاڕادەیەک دەستی شاندی هەرێمی کوردستان کراوە بووە بۆ رێککەوتن، بەهۆی ئەوەی دۆسێی نەوت تاوەکو ئێستا لەژێر دەسەڵاتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئاشتی هەورامیدایە، مەسرور بارزانی دەیەوێت بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا بە تیرێک دوو نیشانە بشکێنێت، خۆی کۆنترۆڵی دۆسێی نەوت بکات و دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بکات، بەتایبەت لە دوای دەستبەکاربوونی، مەسرور بارزانی وەک سەرۆکی حکومەت دۆسیەی نەوت خاڵێکی ناکۆک بووە لە نێوان ئەو و نێچیرڤان بارزانی ئامۆزایدا.

شاندی هەرێمی کوردستان بەمنزیکانە دەگەڕێتەوە بۆ بەغدا و رێککەوتن واژۆ دەکەن

حکومەتی عێراق لە پرسی دەروازە سنوورییەکاندا چاوی لەسەر ئیبراهیم خەلیلە و پێی وایە دەروازەکە داهاتێکی زۆری هەیە و ناکرێت داهاتی دەروازەکە بۆ شوێنێکی نادیار بڕوات و سەرباری ئەوەش حکومەتی ناوەند مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابینبکات، بە رادەستکردنی داهاتی ئەو دەروازەیەو رێککەوتن لەگەڵ بەغدا ،حکومەتی هەرێمی کوردستان ترسی دروستکردنی دەروازەیەکی نوێ لە نێوان عێراق تورکیا بۆ ماوەیەک دوا دەخات کە زۆربەی کات وەک کارتێکی فشار دژی هەرێمی کوردستان بەکاردێت.
ئەوەی پەیوەندی بە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە هەموو لایەنەکان فشارەکانیان بۆ سەر پارتی و سەرۆکی حکومەت چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەتی عێراق رێکبکەوێت، لایەنی کەم بتوانێت لەکاتی خۆی مووچەی فەرمانبەران دابین بکات کە ماوەی 5 ساڵ زیاترە مووچە لەکاتی خۆیان وەرناگرن سەرەڕای پاشەکەوت و لێ بڕینەکان.

هەموو لایەنە سیاسییەکان دژی بڕین و کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانن و دەڵێن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەتوانێت مووچە دابین بکات هیچ بژاردەیەکی لەبەردەست نییە جگە لە رێککەوتن 

بەپێی زانیارییەکان هەموو لایەنە سیاسییەکان دژی بڕین و کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانن و دەڵێن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەتوانێت مووچە دابین بکات هیچ بژاردەیەکی لەبەردەست نییە جگە لە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە چوارچێوەی دەستووردا.
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە کە ناکرێت هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام سەرقاڵی گفتوگۆ بن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، دەبێت رێککەوتنێکی گشتگیر لە بارەی نەوت و بودجە واژۆ بکرێت تاوەکو ئەو کاتەی ئەو سەرۆکوەزیران دەبێت.
لەکاتی گفتوگۆکان لە بەغدا شاندی هەرێمی کوردستان باڵیۆزی ئەمریکا و بەریتانیایان لە عێراق بینیوە ئەو دوو باڵیۆزە دەستیان هەبووە لە لێکنزیککردنەوەی هەولێر و بەغدا بەتایبەت ئەمریکا، نایەوێت کازمی سەرقاڵ بێت بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا مەترسی داعش ماوە ، کازمیش سەرۆکوەزیرانێکی پەسەند کراوی ئەمریکا یە و ئەمریکا دەیەوێت سەرکەوتووبێت بەتایبەت لەم کاتەدا عێراق و ئەمریکا سەرقاڵی دانوستاندنی ستراتیجین و بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لەوبارەوە سەردانی واشنتن بکات.


ڕیکلام